زایەڵە ـ عێراق سیستەمی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتوو دەکڕێت.
عەلی بینداوی ئەندامی لیژنەی ئەمنی و بەرگریی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، عێراق بەهۆی پێگەی جوگرافییەكەیەوە كاریگەری هەر ڕووداوێكی ناوچەكەی لەسەرە، بەتایبەتی ئەو ڕووداوانە كاریگەرییان لەسەر هەموو وڵاتانی ناوچەكە و جیهان هەیە، لەبەر ئەم هۆكارە هەمووان كاردەكەن بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە و ڕێگریكردن لە فراوانبوونی بازنەی جەنگ، بۆ ئەوەی بڵێسەی ئەو شەڕانە نەگاتە عێراق.
حكومەتی عێراق نیازێكی ڕاستەقینەی هەیە، بۆ كڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی پێشكەوتوو، بۆ ئەم پرسە عێراق گفتوگۆی لەگەڵ بەشێك لە وڵاتان كردووە و ئیرادە هەیە بۆدەستەبەركردنی سیستەمی بەرگریی تەواوی ئاسمانی عێراق لەماوەی داهاتوو، بەتایبەتی بۆ قۆناغی دوای كۆتاییهاتنی ئەركەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
پێشتر یەحیا ڕەسووڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق ڕایگەیاندبوو، عێراق گرێبەستی ڕاداری لەگەڵ فەرەنسا كردووە و بەشێكیان گەیشتوون، بەردەوامین لە تەواوكردنی گرێبەستی سیستەمی ڕادار، هەروەها لیژنە تەكنیكی و سەربازییەكان چوونەتە ژمارەیەك وڵات، بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەكی دژە فڕۆكە.
کامەران کەریم