زایەڵە - قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە لیو جون، کونسوڵی گشتیی چین لە هەرێمی کوردستان و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا گفتوگۆکرا لەبارەی چۆنییەتی پەرەپێدان بە بەرنامەی راهێنانی پیشەیی لە بوارە جیاوازەکاندا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی پێنج شەمە (٨ی ئابی ٢٠٢٤) لە هەولێر بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی سوپاسی حکومەتی چینی کرد کە لە ماوەکانی رابردوودا هاوکار بووە لەوەی فێرخوازان لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم لە بوارە جیاوازەکاندا بۆ بەشداربوون لە خولەکانی راهێنانی پیشەیی سەردانی ئەو وڵاتە بکەن.
جێگری سەرۆک وەزیران داواشیکرد پێکەوە کاربکەن بۆ پەرەپێدانی زیاتر و بەردەوامیدان بە بەرنامەی راهێنانی پیشەیی، تا لە داهاتوودا ژمارەیەکی زیاتر فێرخوازی هەرێم لە بوارە جیاوازەکاندا و بە تایبەتیش لە بوارەکانی بازرگانی و کشتوکاڵ و ژینگە و گەشتوگوزاردا بەشداری بکەن لە خولەکانی راهێنانی پیشەیی وڵاتی چین، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت سودێکی زیاتر لە ئەزمونی دەوڵەمەندی گەشەسەندنی وڵاتی چین وەربگرێت.
لەمبارەیەوە کونسوڵی گشتیی چین ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ پەرەپێدانی زیاتر بە بەرنامەی راهێنانی پیشەیی بە فێرخوازانی هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی بەرنامەیەکی تایبەتی نووسینگەی جێگری سەرۆک وەزیران کە تایبەتە بە پەرەپێدانی تواناکانی وەرزشوانانی کورد و لە ئێستادا لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیەدا ژمارەیەک لە وەرزشوانی کورد، بە تایبەتی لە بواری هونەرە جەنگییەکاندا، لە وڵاتی چین سەرقاڵی راهێنانن.
هەر لەم پەیوەندییەدا ئاماژە بە پلانی بەشی وەرزشی نووسینگەی جێگری سەرۆک وەزیران کرا کە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا تیمێک لە راهێنەرانی ئاست بەرزی وڵاتی چین لە بواری هونەرە جەنگییەکاندا بۆ کردنەوەی خولی راهێنان و ئەنجامدانی چالاکی وەرزشی بێنە هەرێمی کوردستان و لەمبارەیەوە هەماهەنگی پێویست کرا.
کامەران کەریم