زایەڵە - سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی، لە بانگەوازێکیدا بۆ سوننییەکان، داوای ڕێککەوتنیان لەسەر بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دەکات.
زیاتر لە نۆ مانگە بە بڕیارێکی دادگەی فیدراڵی، محەممەد حەلبووسی لە سەرۆکی پەرلەمان دوور خراوەتەوە. لەو کاتەشەوە تا ئێستا سوننەکان نەیانتوانیوە جێگرەوەکەی دەستنیشان بکەن.
عەممار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی لە میانی ڕێوەڕەسمێک لە بەغدا ڕایگەیاند: جێگای داخە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران هێشتا بەتاڵە، بانگەوازەکانیش بەردەوامن بۆ براکانمان لەسەر پێویستیی یەکلاکردنەوەی بەربژێرێک بەبێ ناکۆکی و ململانێی ناوخۆیی.
لێرەوە بانگەواز بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین بە زووترین کات بەربژێری گونجاو بخەنە ڕوو، با بەرژەوەندیی باڵای وڵات بنچینەی کاری سیاسی هەر لایەنێک بێت بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەکان. عەممار حەكیم وای گوت.