زایەڵە - سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق جه‌ختی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ كۆتایی به‌ توندوتیژی دژبه‌ ژنان و منداڵان بهێنرێت.

نووسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ كۆماری‌ عێراق رایگه‌یاند كه‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 10-8-2024 د.له‌تیف جه‌مال ره‌شید سه‌رۆك كۆمار به‌شداری له‌ كۆنفرانسی "رۆژی ئیسلامی بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی دژبه‌ ژنان" كرد، كه‌ له‌لایه‌ن ره‌وتی حیكمه‌ی نیشتمانییه‌وه‌ رێكخرابوو.

له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا، سه‌رۆك كۆمار وته‌یه‌كی پێشكه‌شكرد و رایگه‌یاند كه‌ "چالاكییه‌كانی ئه‌م كۆنفرانسه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ساڵیادی كاره‌ساتی كه‌ربه‌لا و ئیلهامیان له‌و رۆڵه‌ گه‌وره‌یه‌ وه‌رگرتووه‌، كه‌ خاتوو زه‌ینه‌ب له‌ سه‌ركردایه‌تیكردنی خێزانه‌كانی ئه‌هلی به‌یت (سه‌لامی خوایان له‌سه‌ربێت) بینیویه‌تی و كه‌رامه‌تی ئه‌م خێزانه‌ به‌ڕێزانه‌ی پاراست، سه‌ره‌ڕای رۆڵی بوێرانه‌ی له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سته‌مكاری".

سه‌رۆك كۆمار ستایشی رۆڵی گه‌وره‌ی ژنانی عێراقی له‌ دژی دیكتاتۆری و سته‌مكاری كرد و ستایشی به‌شداریكردنی ژنانی كرد له‌و شۆڕشانه‌ی دژی ده‌سه‌ڵاته‌ سته‌مكاره‌كان هه‌ڵگیرسێندران.

وتیشی‌: "به‌ ته‌واوی كۆتایی به‌و توندوتیژییه‌ جۆراوجۆرانه‌ بهێنرێت، كه‌ روبه‌ڕوی ژنان و منداڵان ده‌بنه‌وه‌، جا چ له‌ناو خێزان یان له‌ ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا بێت".

ئه‌مه‌ش ده‌قی وته‌كه‌یه‌تی‌؛:

به‌ناوی خودای گه‌وره‌و میهره‌بان
 ئاماده‌بوانی به‌ڕێز
سڵاوی خودای گه‌وره‌تان لێبێت

مایه‌ی خۆشحاڵییه‌ به‌شداری له‌ چالاكییه‌كانی كۆنفرانسی ساڵانه‌ی تایبه‌ت به‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی دژبه‌ ژنان ده‌كه‌ین، كه‌ بوه‌ته‌ بڕگه‌یه‌كی گرنگ له‌ كاری كۆمه‌ڵایه‌تی و یاسایی و حكومی بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی دژبه‌ ژنان ، كه‌ هه‌وڵده‌دات به‌هاكانی رێزگرتن له‌ ژنان جێگیربكات، ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی چالاكی كولتوری بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌م ئه‌ركه‌ مرۆییه‌ و پاراستنی مافه‌كانی ژنان  به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ خێزان و كۆمه‌ڵگه‌ بپارێزێت.

ئه‌وه‌ی مایه‌ی بایه‌خ و رێزگرتنه‌، چالاكییه‌كانی ئه‌م كۆنفرانسه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ساڵیادی كاره‌ساتی كه‌ربه‌لا و ئیلهامیان له‌و رۆڵه‌ گه‌وره‌یه‌ وه‌رگرتوه‌، كه‌ خاتوو زه‌ینه‌ب له‌ سه‌ركردایه‌تیكردنی خێزانه‌كانی ئه‌هلی به‌یت (سه‌لامی خوایان له‌سه‌ربێت) بینیویه‌تی و كه‌رامه‌تی ئه‌م خێزانه‌ به‌ڕێزانه‌ی پاراست، جگه‌ له‌ رۆڵی بوێرانه‌ی له‌ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی سته‌مكاری، كه‌ تێیدا نموونه‌یه‌كی به‌رزی هه‌ستی به‌رپرسیارێتی ئه‌و رۆڵه‌ گه‌وره‌یه‌ی خسته‌ڕو، كه‌ ژنان ده‌توانن بیگێڕن له‌ناو خێزان له‌لایه‌ك و له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌شدا به‌ گشتی.

له‌م كۆنفرانسه‌دا، كاركردنی قاره‌مانانه‌ی ژنان به‌رزده‌نرخێنین و جه‌خت له‌سه‌ر گرنگی به‌رزنرخاندنی رۆڵ و بوێری و دانایی ژنان له‌ هه‌لومه‌رجه‌ سه‌خته‌كاندا ده‌كه‌ینه‌وه‌.

مێژووی هاوچه‌رخمان زۆرێك له‌و رۆڵه‌ گه‌ورانه‌ی ژنانی عێراقی له‌ دژی دیكتاتۆری و سته‌مكاریدا پاراستوه‌، ژنان به‌شدارییان له‌و شۆڕشانه‌دا كرد، كه‌ دژی ده‌سه‌ڵاته‌ سته‌مكاره‌كان هه‌ڵگیرسێندران و رۆڵی سه‌ره‌كییان له‌ شاخ و زۆنگاوه‌كاندا هه‌بووه‌، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ژنان په‌یوه‌ندییان به‌ شۆڕشی كورده‌وه ‌كرد و بون به‌ تێكۆشه‌ر له‌ ریزه‌كانی پێشمه‌رگه‌دا، هه‌روه‌ك چۆن خوشكه‌كانی له‌ باشور و ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق، خه‌باتیان كرد. لێره‌شدا جه‌ختده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌ پابه‌ندبونمان به‌ پاڵپشتیكردنی ژنانی ئێزدی له‌ قوربانیانی ده‌ستی تیرۆریستانی داعش.

ژنانی عێراق له‌ هه‌لومه‌رجی سه‌ختی جۆراوجۆردا، كه‌ خێزانه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ پێیدا تێپه‌ڕیون، كاریان كردوه‌، به‌شێوه‌یه‌ك یه‌كگرتوویی خێزانیان پاراستوه‌ و زاڵبون به‌سه‌ر سه‌ختی و ناخۆشییه‌كاندا.

له‌ڕاستیدا پێویستیمان به‌ كاری زۆر و خۆپه‌روه‌رده‌كردن و هۆشیارییه‌ له‌باره‌ی گرنگی به‌رزنرخاندنی رۆڵی ژنان له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا، له‌ پێشه‌نگی ئه‌م ئه‌ركانه‌شدا خۆپه‌روه‌رده‌كردنه‌ بۆئه‌وه‌ی به‌ ته‌واوی كۆتایی به‌و توندوتیژییه‌ جۆراوجۆرانه‌ بهێنرێت، كه‌ روبه‌ڕوی ژنان و منداڵان ده‌بنه‌وه‌، جا چ له‌ناو خێزان یان له‌ ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا بێت، سه‌ره‌ڕای په‌رۆشی زیاتر بۆ پاراستنی مافه‌كانی ژنان و زیاتركردنی هه‌وڵه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌، چ پیاوان و چ ژنان بۆ چه‌سپاندنی بنیاتنانی ده‌وڵه‌تی ئازادییه‌كان و شكۆی مرۆڤایه‌تی، كه‌ به‌ یاسای دادپه‌روه‌رانه‌ پارێزراوبێت.

به‌ڕێزان

له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌مدواییه‌مان بۆ پاریس و پێش ئه‌وه‌ش بۆ ژماره‌یه‌ك وڵات، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌ركرده‌كانی ئه‌و وڵاتانه‌ و میدیاكاران كۆبوینه‌وه‌ و هه‌وڵماندا تێڕوانینه‌ نادروسته‌كان سه‌باره‌ت به‌ عێراق راست بكه‌ینه‌وه‌، چ له‌ڕووی ئه‌منییه‌وه‌  یان له‌ڕووی مافه‌كانی مرۆڤه‌وه‌، له‌پێشه‌وه‌دا مافی ژنان، تائێستا زۆرێك له‌ به‌رپرسانی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌رئاستی سه‌رۆكه‌كان بۆ نمونه‌ نازانن ژنان نوێنه‌رایه‌تییه‌كی باشیان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا هه‌یه‌ و ژنان به‌شدارێكی چالاكن له‌ كه‌رتی په‌روه‌رده‌ و فێركردن و ته‌ندروستی و پیشه‌سازی و بواره گشتییه‌كانی دیكه‌، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له‌و سه‌ركردانه‌ نازانن، كه كچانمان ده‌چنه‌ خوێندنگه‌ و ژنانمان ئۆتۆمبێل لێده‌خوڕن.

له‌م بواره‌دا پێویستیمان به‌وه‌یه‌ باڵیۆزخانه‌ و دیپلۆماتكاره‌ عێراقییه‌كانمان درێژه‌بده‌ن به‌ دیداره‌ سیاسی و میدیاییه‌كان بۆ رونكردنه‌وه‌ی وێنه‌ی عێراقی نوێ به‌تایبه‌تی دوای شكستیهێنان به‌ بانده‌كانی تیرۆر و تاوان.

لێره‌دا گرنگه‌ له‌باره‌ی بارودۆخی ئه‌وپه‌ڕی ئاڵۆزی ناوچه‌كه‌ بدوێین، ره‌وشه‌كه‌ به‌هۆی دڕنده‌یی و ره‌فتاری شه‌ڕانگێزی زایۆنیسته‌كان له‌ غه‌ززه‌ و له‌ ناوچه‌كانی دیكه‌ی فه‌ڵه‌ستین خراپتربوه‌، ئه‌و شه‌ڕه‌نگێزه‌ بێ دوودڵی ترسناكترین جۆری تاوانه‌كان ده‌رهه‌ق به‌ ژنان و منداڵان و به‌ساڵاچوان ئه‌نجامده‌دات. دوابه‌دوای ئه‌مه‌ش ئه‌م تاوانانه‌ به‌رده‌وام بوون له‌ فراوانكردنی بازنه‌ی شه‌ڕ به‌ چه‌ند ئاڕاسته‌یه‌كدا، تا ئه‌و راده‌یه‌ی هه‌موو گه‌لانی ناوچه‌كه‌ له‌ ناو ئه‌و كه‌شه‌دا كه‌وتنه‌ مه‌ترسییه‌وه‌، كه‌ به‌هۆی لادانی ده‌سه‌ڵاتدارانی زایۆنیستی له‌ ساده‌ترین و گه‌وره‌ترین به‌هاكانی رێزگرتن له‌ سه‌روه‌ریی ده‌وڵه‌ته‌كان په‌یڕه‌ویان كرد.

له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا پشتیوانی عێراق بۆ مافه‌كانی گه‌لی فه‌ڵه‌ستین له‌ نیشتمانی خۆیدا دوپاتده‌كه‌ینه‌وه‌. هه‌روه‌ها جه‌ختده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ گرنگه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان رۆڵی پێویستی خۆی بگێڕێت، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ یارمه‌تیده‌ربێت له‌ ده‌سته‌به‌ركردنی ئه‌و مافانه‌ بۆ گه‌لی فه‌ڵه‌ستین و سه‌قامگیری و ئاسایشی ناوچه‌كه‌ش بپارێزێت، كه‌ زۆر گرنگه‌ له‌ چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیدا.

جه‌خت له‌سه‌ر گرنگی هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیارێتی  ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌پێناو پاراستنی ئاشتی و دادپه‌روه‌ری نێوان وڵاتان و كۆمه‌ڵگه‌كان و له‌پێناو راگرتنی تاوانباران به‌ توندترین شێوه‌، تا ئاشتی و ئاسایشی ناوچه‌كه‌ و جیهان به‌ گشتی بپارێزرێت.

له‌ چوارچێوه‌ی ئامانجه‌كانی ئه‌م كۆنفرانسه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر گرنگی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی و به‌دیهێنانی ئاشتی و دادپه‌روه‌ری له‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌ و خێزاندا ده‌كه‌ینه‌وه‌، به‌رپرسیارێتی هه‌مومانه‌ له‌چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیدا كاربكه‌ین بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی مافی كۆمه‌ڵگه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی وڵاته‌كانیان و په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئاسایش و ئاشتی و دادپه‌روه‌ری.

زۆر سوپاس بۆ برایانی ئاماده‌كاری ئه‌م كۆنفرانسه‌ و پشتیوانی له‌و راسپارده‌ گرنگانه‌ش ده‌كه‌ین، كه‌ له‌ وۆرك شۆپه‌كانی ئاماده‌كارییه‌وه‌ ده‌رچون، له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا داواده‌كه‌ین ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی جێبه‌جێ بكرێت له‌پێناو باشتركردنی ره‌وشی ژنان و پته‌وكردنی مافه‌كانی.
رێز و پێزانینمان بۆ ژنانی عێراق.
دوباره‌ سڵاوه‌ خودای گه‌وره‌تان لێبێت.