زایەڵە ـــ گرووپی شاخەوانی مەقان بە هاوکاری لەگەڵ تۆڕی شاخەوانی کوردستان گەشتێکی دیکەی ڕێکخست بۆ دەڤەری ڕاپەڕین و دۆڵی خۆشناوەتی لە گوندی هەتەل
دەستەی ڕاگەیاندنی گرووپی شاخەوانی مەقان : لە درێژەی کارو چالاکیەکانی گروپەکەمان، گەشتی ئەم هەفتەیەمان لە ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی (9/8/2024/) بۆ دەڤەری ڕاپەڕین دۆڵی خۆشناوەتی و بۆ گوندە قەشەنگەکەی هەرتەل بوو.
بەشی ڕاگەیاندن زیاتر وتی: وەک هەموو جارێک، ئەندامانی مەقان لە کاتژمێر 5:30 خولەکی بەیانی رۆژی هەینی، لە پێش هۆڵی ڕۆشنبیری چەمچەماڵەوە بەڕێ کەوتن بەرەو شوێنی مەبەست کە گوندی هەرتەل بوو، دواتر گەیشتینە گوندی هەرتەلی ڕەنگین، کەشێکی ئارام و فێنک لەگەڵ جریوەی باڵندە کێوییەکان لە نێو دارەکان و هاژەی تاڤگەو جۆگەلە ئاوەکان ئەونەیتر دڵ و دەروونی هێمن دەکردەوە. لەگەڵ هەنگاونان بەرەو سروشتە جوانەکەی گوندی هەرتەل
بەشی ڕاگەیاندن لە درێژەدا گوتی: ئەندامانی مەقان، گەیشتنە
سرووشت و تاڤگەکانی گومەشین کە دەکەونە دامێنی چیا سەر کەشەکانی نۆزان. پێناسە کردنی ئەم تاڤگانە بە چەند دێڕێک ناتوانی جوانی ئەم تاڤگانە بهێنینە خەیاڵ و ئەندێشە تێڕامان و دانیشتن لە دیار ئەم تاڤگانە دەتباتە دنیایەک کە مێشک خاڵی دەبن لە کێشەو جەنجاڵی ژیان
دوای پشودان و نانی نیوەڕۆ و چرکاندنی چەندین وێنەی یادگاری جوان و ئەنجامدانی نوێژی هەینی پاڵەوانانی مەقان بەردەوام بوون لە چێژ وەرگرتن لەو سروشتە دڵڕفێنەی دەڤەری ڕاپەڕین. دوای نیوەڕۆ ڕومان کردە بەنداوی سەروچاوە لە ئاوە سازگار و کەلە تەزێنەکەی سەروچاوە مەلەمان کرد و خۆمان فێنک کردەوە کردمان بە کۆتا خاڵی گەشتەکەمان.