زایەڵە - دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق سکاڵاى سێ پارێزەڕى ڕەتکردەوە لەبارەى ڕێگەدان بە هێنانى زیاتر لە ژنێک لە هەرێمى کوردستان.

دواى ئەوەى سێ پارێزەرى کورد سکاڵایەکیان دژ بە هەمواری یاسای باری كەسێتیی بردە بەردەم دادگاى فیدراڵى و داوایانکرد یاساکە هەڵبوەشێتەوە، كە مەرجداری كردووە پیاو بەبێ رەزامەندی دادوەر زیاتر لە ژنێك نەهێنێت، بەڵام دادگا ى باڵاى فیدراڵى سکاڵاکەى ڕەتکردەوە.

ئەو پارێزەرانە، لە سكاڵاكەیاندا داوایان لە دادگای فیدراڵی كردبوو، مادەی یەکەمی هەمواری یاسای باری کەسێتی ژمارە 15ی ساڵی 2008ی پەرلەمانی کوردستان بە نادەستوریی بناسێنێت، کە هەمواری یاسای باری کەسێتی عێراقە و مەرجی ئەوەی بەبێ مۆڵەتی دادوەر پیاو هاوسەرگیریی لەگەڵ زیاتر لە یەك ژندا بكات.

دادگا بەپاساوی ئەوەی لە سكاڵاكەدا مەرجەكانی بوونی بەرژەوەندیی پێویست بەدی نەهاتووە، سكاڵاكەی ڕەتكردەوە.

هەرچەندە بەپێى یاسا فرەژنى لە هەرێمى کوردستان قەدەغەکراوە، بەڵام هێشتا دیاردەى فرەژنى بوونى هەیە و ئەو کەسانەى ژنى دووەم و سێیەم دێنن، لە دادگاکانى ناوچە دابڕینراوەکان هاوسەرگیرى ئەنجام دەدەن.