زایەڵە - وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بارەی دانانی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکەوە ڕایگەیاند، ئەوەی کراوە یاسایی نییە و گرفتی هەیە و لە سەر بنەمایەکی دروست نییە.

مەحمود محەمەد، وتەبێژى پارتى بڵاویکردەوە، سەبارەت بە گۆڕانكاری و دوا پەرەسەندنەكانی پەیوەست بە پێكهێنانی حكوومەتی خۆجێیی كەركووك، ئێمە هەر دوای ڕاگەیاندنی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانی كەركووك ئەو تێبینییەمان هەبوو كە ئەنجامەكان دەرخەری ئیرادەی ڕاستەقینەی دانیشتوانی كەركووك نین، بەڵام لەبەر بەرژەوەندیی گشتیی خەڵكی كەركووك و ڕەچاوكردنی دۆخی ئەو شارە و كۆی پڕۆسەی سیاسی چاوپۆشیمان كرد.

ڕاشیگەیاندووە، لە دوایین كۆبوونەوەدا لە 4ی ئابی 2024 لەگەڵ مەسعود بارزانیدا، كە سەرجەم نوێنەرانی عەرەب و توركمان ئامادەی بوون، جەخت لەوە كرایەوە كە پێویستە چارەسەرەكان بە ئاراستەی ڕەچاوكردنی مافی سەرجەم پێكهاتەكانی كەركوك و لە چوارچێوەی تەوافوق و كۆدەنگیی نیشتیمانیدا بێت و هەموو لایەك لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە نابێ ئەزموونەكانی پێشوو دووبارە ببنەوە و ڕەئیی بارزانیش ئەوە بوو كە بۆ دڵنیایی هەموو لایەك پارێزگارێكی كورد و بێلایەن دیاری بكرێت كە لە لایەن هەموو لایەنە براوەكان پەسەند بێت.


ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەدرێژەی ڕاگۆڕینەوەكان و لە ئەنجامدا لەسەر ئەوە ڕێككەوتن كرا كە پارێزگاری كەركووك بە شێوەی (ثلاثي) بێت، ئەوە بوو هەر لایەك داوای دەكرد كە پێویستە بۆ یەكەم كەڕەت پارێزگار لە پێكهاتەی ئەوان بێت و مەسعود بارزانى پێداگر بوو لەوەی كە دەبێ بۆ یەكەمجار پارێزگار كەسێكی كورد بێت.


دەشڵێت: لە ڕۆژی 10ی ئاب لە هۆتێل ڕەشیدی بەغدا بۆ دانانی پارێزگار و حكومەتی خۆجێیی كەركوك بەبێی ئاگاداركردنەوەی هەموو لایەنەكان و لە غیابی نوێنەرانی توركمان و بەشێك لە عەرەب و پارتی  كراوە، یاسایی نیە و گرفتی هەیە و لە سەر ڕێگەیەكی دروست نیە.


وتەبێژى پارتى جەختدەکاتەوە، ئەوەی كراوە ناتوانێ ببێتە چارەسەرێكی دروست بۆ تێپەڕاندنی كێشە و گرفتەكانی شاری كەركوك و دەڵێت: چارەسەركردن و نەهێشتنی كێشەكانی ئەو شارە  و سارێژكردنی ژان و ئازارەكانی خەڵكی كەركووك بە موزایەدات و عاتیفە و یاریی سیاسی ناكرێن، چارەسەر ئەوەیە تاكڕۆیی نەكرێت و هەوڵی پەراوێزخستنی لایەنەكان نەدرێت و هەموو لایەك بە نیازپاكییەوە و لەپێناو خزمەتكردنی خەڵك لە بەڕێوەبردنی كەركوكدا بەشدار بن.