بەرپرسی هاوکارییە مرۆڤ دۆستانەییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەوە کردەوە کە مۆڵەتدان بە ڕێکخراوە فریاکەوتنەکانیش بۆ پێشکەش کردنی هاوکاری لە یەمەنیش ڕێگە لە ئەم قەیرانە ناگرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە: بەرپرسی هاوکارییە مرۆڤ دۆستانەییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای له واشنتۆن کردووە کە پێداچوونەوە بکات لە بڕیارەکەی لەمەڕ خستنە ناوی گرووپی ئەنساروڵا(حوسییەکان) لە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکان و ڕایگەیاند کە ئەم بڕیارە یەمەن ڕووبەڕووی قات و قڕییەکی بێ وێنە لە چوار دەیەی ڕابردوو دەکاتەوە.

" مارک لوکوک" لە وتارێکدا لە ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دا جەختی لەوە کردەوە کە مۆڵەتی ڕێگەپێدان بە ڕێکخراوە خێرخوازییەکان و فریاکەوتنەکانیش بۆ بەهاناوەچوونی خەڵکی یەمەن ڕێگری لە ئەم قەیرانەدا ناکات.

لوکوک وتیشی کە یەمەن تا ڕادەیەکی زۆر پێویستی بە هاوردە کردنی شتومەکەکانە و ئابڵۆقە خستنەسەر ئەم وڵاتە دەبێتە هۆی ئەوەی که ۱۶ ملیۆن کەس ڕووبەڕووی برسێتی ببنەوە و جەختیشی لەوە کردەوە کە لە ئێستادا ۵۰ هەزار کەس لە یەمەن گیرۆدەی قاتوقڕی و ۵ ملیۆنی دیکەش لە لێواری ئەم قاتوقڕییەدان.

ئەو وتی که لە سەدا ۹۰_ی مادە خۆراکییەکانی یەمەن هاوردە کراون کە لە ڕێگای کاناڵە بازرگانییەکان دابین دەکرێت و ڕێکخراوە فریاکەوتنەکان تەنیا بەشێک لە ئەم بەرپرسیاریەتییانەیان لە ئەستۆ دایە سەرەڕای ئەوەی که تێچووەکانی ئەم گواستنەوەیە لە هاوئاهەنگی لەگەڵ بازرگانە خۆماڵییەکان دەدەن و خۆیان ڕاستەوخۆ چالاکییەکی ئەوتۆ سەبارەت بە دابەشکردنی مادە خۆراکییەکان ئەنجام نادەن.

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەوە کردەوە کە هاوکارییەکانی تەنیا دەگاتە یەک لە سێی هاووڵاتیانی یەمەن کە ژمارەیان  ۲۸ ملیۆن کەسە و گەمارۆکان کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئەم دۆخە دەبێت.

بە وتەی لوکوک،  هاوکات بە ڕاگەیاندنی ئەنساروڵا بە تیرۆریست زۆربەی خەڵک بەلێشاو ڕوویان لە بازاڕەکان کردووە و شتوومەکانیان هەمبار کردووە و ئەو کۆمپانیا یەمەنیانەی کە کاری هاوردە دەکەن جەخت لەوە دەکەنەوە کە لەحاڵەتی وەستانی هاوردە کردنی مادە خۆراکییەکان بێ گومان ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورە دەبنەوە.

یەمەن ڕووبەڕووی گەورەترین قەیرانی مرۆیی لە جیهاندا بووەتەوە و لە سەدا ۸۰_ی دانیشتووانی پێویستیان بە هاوکارییە.

" مایک پۆمپیۆ" وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەمریکا گرووپی ئەنساروڵا بە تیرۆریست دەزانێت و گەمارۆکانی پەیوەست بە ئەم ڕاگەیاندنە لە ۱۹_ی ژانوییە واتە دوایین ڕۆژی دەسەڵاتدارییەتی " دۆناڵد ترامپ" دەست پێدەکات.