زایەڵە - وەزیری بەرگریی تورکیا دەڵێ، دەیانەوێت ئەمساڵ کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنی 'چنگ-قوفڵ' لە باشووری کوردستان بهێنن و دەڵێت، قوفڵەکە دادەخەن، داواش لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات "پەیوەندییەکانی" لەگەڵ پەکەکە بپچڕێنێت.
 
یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا رۆژی چوارشەممە (14ـی ئاب) لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤیزیۆنیدا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا-عێراق، ئۆپەراسیۆنی سەربازی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی نێوان یەکێتی - پەکەکە قسەی کرد. 
 
یاشار گولەر گوتی ژمارەی لیواکانی سوپای وڵاتەکەی کە پێشتر سێ لیوای کۆماندۆ بوو، ئێستا بۆ زیاتر لە 20 لیوای کۆماندۆ زیاد کراوە. 
 
سەبارەت بە شەڕی سوپای وڵاتەکەی لەگەڵ پەکەکە، رایگەیاند پەکەکەیان گەیاندووەتە دۆخێکی تەواو بێدەسەڵات، رێکخراوەکە ناچار دەبێت ئەو شوێنەی لێی دەمێنێتەوە، بەجێیبهێڵێت و بڕوات. بۆ هەرکوێیەک بڕوات بەردەوام دەبن لە شوێنکەوتنی.
 
گولەر لەبارەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی وڵاتەکەی بە ناوی 'چنگ-قوفڵ' کە نزیکەی دوو ساڵ و نیوە لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە، گوتی، "هەموو ئامانجمان داخستنی قوفڵەکەیە، نزیکەی دوو ساڵ و نیو پێش ئێستا چووینە نێو زاپ، بە هەوڵ و قارەمانیێتیی سەربازانمان گەیشتینە ئەمڕۆ." گوتیشی،  ئۆپەراسیۆنەکانیان بە خێراییەک دەکەن، کە پەکەکە ناتوانێت هەستی پێ بکات یان کاردانەوەی بەرامبەری هەبێت. 
 
وەزیری بەرگریی تورکیا پێیوایە، پەکەکە یەک رێگەی لەبەردەمە، ئەویش "خۆڕادەستکردنەوە"یانە بە تورکیا.
 
گولەر ئاماژەی بە دامەزراندنی ناوەندی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق دژی پەکەکە کرد و، گوتی "هەموو شتێک بە شێوەیەکی ئەرێنی گەشە دەکات وەک ئەوەی پلانی بۆ دانراوە." 
 
گولەر باسی قەدەخەکردنی سێ پارتی نزیک لە پەکەکەی  لەلایەن حکومەتی عێراقەوە کرد و گوتی "دۆستانی عێراقیمان رۆژی پێنجشەممە دێنە ئەنقەرە بۆ کۆبوونەوە. وەزیری دەرەوەمان، خۆم و بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی کۆبوونەوەیەکی یەک رۆژی دەکەین و بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان، بەردەوام دەبین لە هەموو هەوڵێک." 
 
گولەر لەبارەی پەیوەندیی نێوان یەکێتی و پەکەکە رایگەیاند "یەکێتی بەداخەوە بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستماندایە بەردەوامە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە. حکومەتی عێراقیش بەمە ناڕەحەتە. بەڕێز سەرۆککۆمارمان، وەزیری دەرەوەمان و خۆم، هەرچەندە چەندینجار قسەمان لەسەر ئەم بابەتە کردووە، بەڵام کەسی پەیوەندیدار لە یەکێتی ئێستا بەردەوامە لە چالاکییەکانی لەسەر ئەم بابەتە. هیوادارین کەسی پەیوەندیدار لەوێ دەستبەجێ پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو رێکخراوە 'تیرۆریستییە' بپچڕێنێت و ببێتە دۆست لەگەڵ تورکیا و وڵاتەکەی. پێموایە باشترین رێڕەوی کارکردن ئەوەیە."  
 
لە رۆژی  3ـی نیسانی 2023ـوە بە بڕیارێکی حکومەتی تورکیا گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ تورکیا راگیراون؛ چەندین جاریش بڕیارەکە درێژکراوەتەوە. هۆکاری راگرتنەکەش وەک تورکیا دەڵێت ''چالاکییەکانی پەکەکە لە سلێمانی چڕبوونەتەوە. ئەو رێکخراوە دزەیکردووەتە نێو فڕۆکەخانە و ئەوەش هەڕەشەیە لە ئاسایشی گەشتە ئاسمانییەکان."