زایەڵە - بەرەی تورکمانی ڕەتیدەکاتەوە کە بچنە هیچ دانوستانێکەوە بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی خۆجێی کەرکوک.
محەمەد سەمعان، وتەبێژی بەرەی تورکمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕەتیکردەوە بەشداری هیچ دانوستانێکیان کردبێت بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی خۆجێی کەرکوک و دەڵێت" بەرەی تورکمانی جەخت دەکاتەوە کە لەگەڵ هیچ لایەنێکدا ناچێتە هیچ دانوستانێکەوە سەبارەت بە بەشداریکردن لە حکومەتەکەت هۆتێل ڕەشید".
ڕوونیشکردەوە کە بەرەی تورکمانی چاوەڕێی بڕیاری دادگا دەکات بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ئەو سکاڵایەی لەسەر کۆبوونەوەکەی بەغدا تۆماریان کردووە.
ڕۆژی ١٠ی ئەم مانگە ئەنجومەنی پارێزگەی کەرکوک بە بەشداری یەکێتی و سێ ئەندامی عەرەب و ئەندامێکی بابلییون لە هۆتێل ڕەشیدی بەغدا کۆبووەوە و تێیدا ڕێبوار تەهای وەك پارێزگاری کەرکوک هەڵبژارد.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە پارتی و تورکمانەکان و سێ ئەندامی عەرەب بەشدارییان نەکرد، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگە و جێگری پارێزگاریش هەڵبژێردران و پۆستەکانی تورکمانەکانیش بە بەتاڵی هێڵرانەوە.