زایەڵە - پشتیوانی هەڵوێستی مامۆستا دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی دەکەین و پۆستەكەی پڕ ناكەینەوە .
بزوتنەوەی گۆڕان لەڕاگەیەنراوێکدا بڵاوی کردەوە،بزوتنەوەی گۆڕان، پشتیوانی هەڵوێستی مامۆستا دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی دەکات، کە وەک هەڵوێستیک بەرامبەر بەهەدەردانی موڵک و ماڵی گشتی؛ دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە، لەو سۆنگەیەوە پۆستەکەی پڕناکەینەوە و ناوبراویش لەناو گۆڕاندا درێژە بە خەبات بۆ خەمە گشتی و پەروەردەییەکان دەدات.
ئەم هەڵوێستەی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، خزمەتی چاکەی گشتی دەکات و فشارێکە بە ئاراستەی سنوردانان بۆ دەستدرێژینەکردنە سەر موڵکی دەوڵەت بەشێوەیەکی گشتی و، تاپۆکردن و هەرزانفرۆشکردنی (١٨٢) دۆنم زەوی ئامادەیی بەکرەجۆ بەتایبەتی.
مایەی هەڵوەستەیە، سەرەڕای بایەخی ئەم کەیسە و داکۆکیکردن لە بەرژەوەندی گشتی و دژایەتی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی، بەڵام کاردانەوەکان سنوردارن، هەربۆیە داواکارین ڕایگشتی، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی شارستانی، مامۆستایان، خوێندکاران و کەسوکاری قوتابیان و خوێندکاران خاوەندارێتی لەم بڕیارە بکەن و کۆدەنگییەک بۆ پاراستنی بینا و ناوەندەکانی خوێندن و پەروەردە لە چنگی کۆمپانیا و بەرژەوەندییە تایبەتیەکان دروست بکرێت.
بزوتنەوەی گۆڕان
٢٠ی ئابی ٢٠٢٤
کامەران کەریم