زایەڵە - نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، بۆدەزگاکانی راگەیاند: "هەوڵەکانمان بەردەوامن بۆ هێنانی شایستەی دارایی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی بازرگانیی عێراق و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێم لە بەغدا و سەرۆکی فراکسیونی پارتی لە پەرمان و ئەندامی لێژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی عێراق لەسەر هێڵن."
زیاتر گوتیشی: "لە دوا پەرەسەندندا، د.شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقمان ئاگادار کردەوە، لە نەگەیشتن و دواکەوتنی پارەی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران و هەموویان بەدواداچوونیان کردووە و چاوەڕوانین لە ئایندەیەکی نزیک ئەنجامی هەبێت و پارە بنێردرێ."
لە رۆژی 10ی 6وە دەست بە خەرجكردنی پارەی گەنمی جووتیارانی ئەمساڵی کوردستان كرا.
نەوزاد شێخ کامیل ئاشکراشی کرد: "تاوەکوو ئێستا زیاتر 483 ملیار دیناری پارەی جووتیاران بۆ ساڵی 2024 لای حکوومەتی فیدراڵ ماوە و دەبێت بنێردرێت."
ڕوونیشی کردەوە، ڕەزامەندیی پێشوەختەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەیه بۆ خەرجکردنی پارەی گەنم.
کامەران کەریم