زایەڵە - جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ڕایگەیاند: کارەکانی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی پەروەردەیی مۆدێرن، لەلایەن کاک ئاسۆی حاجی محمد بامۆکیەوە دەستیپێکرد.
ئەندازیار کاوە عەلی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بۆ پەیامنێری زایەڵە رایگەیاند: پڕۆژەیەکی گەورەی خێرخوازی لەلایەن بەڕێز کاک ئاسۆ حاجی محمد بامۆکی دەستی پێکرد. سەردانی پڕۆژەی کۆمەڵگەی پەروەردەیی و لەلایەن بەڕێزان مامۆستا سامان یوسف نوێنەری گروپی کۆمپانیاکانی هەڵەبجە و ئەندازیار ئەیوب علی بەڕێوەبەری پڕۆژەکە پێشوازی کرا .
وتیشی،پڕۆژەی کۆمەڵگەی پەروەردەیی کە بە ڕێز و سوپاس و دەستخۆشی لەلایەن بەڕێز کاک ئاسۆ حاجی محمد بامۆکی لەسەر ڕووبەری زیاد لە ١٤ دۆنم دروست دەکرێت ، ئەم کۆمەڵگەیە پێکهاتووە : لە باخچەی ساوایان کە بە دوو نهۆم و ژێر زەمین و ڕووبەری هەر نهۆمێک 900 مەتر دووجایە و دوانزە پۆل و دوو هۆڵی گەورە و سێ پۆلی هونەر و چیرۆک و میوزیک و کافتریا و ئیدارە..هتد پێک دێت .بینای قوتابخانەی بنەڕەتی کە سێ نهۆمە و هەر نهۆمێک ١٥٠٠ مەتر دووجایە و ٢٧ پۆلی خوێندن و چوار تاقیگە و هۆڵ و کتێبخانە و کافتریا ..هتد لە خۆدەگرێت.بینای قوتابخانەی ئامادەیی سێ نهۆم و هەر نهۆمێک ١٥٠٠ مەتر دووجایە و ٢١ پۆلی خوێندن و ئیدارەی کۆمەڵگا و هۆڵ کتێبخانە و کافتریا..هتد لەخۆ دەگرێت هەروەها دوو گۆڕەپانی یاریگا و شانۆی ڕۆمانی و زیاد لە پێنج دۆنم سەوزایی و شوێنی وەستانی سەیارە و ڕێکخستنەوەی ڕێگاوبان و سەوزایی دەوروبەری کۆمەڵگاکە و بە دیزاینێکی سەرنجڕاکێش و کوالیتیەکی بەرز دەست بە پڕۆژەکە کرا.
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئەوەشی ووت،لەخوای گەورە داواکارین تەمەن و سامانی کاک ئاسۆ حاجی محمد بامۆکی پڕ بەرەکەت کات و هەمیشە سەرکەوتوو و سەرفراز بێت .
کامەران کەریم