زایەڵە - نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بەگوێرەی بەدواداچوون و قسەکردنمان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق، مووچەی مانگی تەمموز (7) بۆیە خەرجنەکراوە، چونکە خراوەتە بڕی ئەو پارە زیادانەی لە مانگەکانی رابردوودا بۆ رەوانەی هەرێم کراوە، لەو مانگانەدا بڕەکانی ناردنی پارە جیاواز بووە.
باسی لەوەشکرد، وەزارەتی دارایی عێراق پێیوایە، حکومەتی هەرێم پەیوەست نەبووە بە یاساکانی بودجەی فیدڕاڵی و، حکومەتی هەرێمیش باس لەوەدەکات هیچ کێشەیەک لەلای ئەوانەوە بوونی نییە، ئەو بابەتەش دەبێت دیوانی چاودێری عێراق یەکلاییبکاتەوە.
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی، ”لەماوەی چەند مانگی رابردوودا دەبوایە ئەو کێشانە چارەسەر بکرانایە، رێکارەکان رێکبخرانایەتەوە، بەڵام بەداخەوە درێژەی کێشا و شاندەکانی هەردوولا نەیانتوانیووە ئەو پرسانە چارەسەربکەن”.
ئاماژەی بەوەشکرد، مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئاب بۆ هەرێم نێردراوە و، چاوەڕواندەکرێت لەماوەی ئەمڕۆ و سبەینێدا مووچەی هێزە ئەمنییەکان بۆ مانگی حەوت خەرجبکرێت و لە هەفتەی داهاتووشدا مووچەی مانگی ئابی هێزە ئەمنییەکان خەرجبکرێت.
کامەران کەریم