زایەڵە ـ كوالێتى كۆنتڕۆڵى ده‌رمان له‌هه‌رێم هۆشدارى ده‌داته‌ هاوڵاتیان لە جۆرێك دەرمانی ساختە بە ناوی ئۆزەمپیک OZEMPIC.

كوالێتى كۆنتڕۆڵى ده‌رمان له‌هه‌رێمى كوردستان KMCA بڵاوى کردەوە ،کە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری دەدات کە دەرمانی ئۆزەمپیک لە بەڕازیل، بەریتانیا و باکوری ئێرلەندا و ئەمریکا ساختەکراون و لەلایەن کۆمپانیای (novo nordisk) نۆڤۆنۆردیسکەوە ئەو باچانە بەرهەم نەهاتوون.

ئاماژەی بەوەش كردووە، جیاکردنەوەی ئۆزەمپیکی رەسەن و ساختە لە زۆر رێگاوە دەکرێت، ئاسانترینیان لەرێگای ناسینەوەی قەڵەمەکەوە دەکرێت، بەشێوەیەک لەکاتی دیاریکردنی ژەمدا، قەڵەمی ئۆزەمپیکی رەسەن درێژنابێتەوە بەڵام قەڵەمی ئۆزەمپیکی ساختە درێژدەبێتەوه.

هەروەها هاوڵاتییانیش ئاگاداردەکەینەوە،کە خۆیان بەدووربگرن لە کڕینی ئەو دەرمانە بەبێ ستیکەر، چونکە لە کوردستان و عێڕاقیش هەندێک پاکەتی ساختە دەستیبەسەرداگیراوە، لەئێستادا دەرمانی ئۆزەمپیکی رەسەن لە بازاڕی دەرمانی هەرێمی کوردستان بە ستیکەری بەڕێوەبەرایەتیی KMCA / وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بەردەستە کە سەلامەت و کاریگەرە و شیاوە بۆ بەکارهێنان”، بەڕێوەبەرایەتیی KMCA، وادەڵێت.

ئۆزەمپیک، دەرمانێکی گرنگی چارەسەرکردنی نەخۆشیی شەکرەیە لە جۆری دووەم، دەرمانەکە بە شێوە ژەمی دەرمانسازیی دەرزیی ئامادەکراو “قەڵەم” بەردەستە، بۆ پێگەیشتووان و منداڵان تەمەن زیاتر لە 12 ساڵ بەکاردەهێنرێت.

کامەران کەریم