زایەڵە ـ لە هەشت مانگدا 10 هەزار بەکارهێنەر و بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکانی عێراق ڕایگەیاند: تەنیا ئەم ساڵ سێ تۆن مادەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە کە بەشی زۆری لە وڵاتانی دراوسێوە براوەتە نێو عێراق.

"لە سەرەتای ئەم ساڵەوە نزیکەی 10 هەزار بەکارهێنەر و بازرگانی مادەی هۆشبەر لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە دەستگیرکراون کە بەشێکیان بازرگانی نێودەوڵەتین".

"هەر ئەم ساڵ دەست بەسەر نزیکەی سێ تۆن مادەی هۆشبەر و کارتێکەری ئەقڵیدا گیراوە، کە دیارترینیان کریستاڵ، حەشیش و حەبی کاپتاگۆن بوون و زۆربەیان لە وڵاتانی دەوروبەرەوە هێنراونەتە عێراق".

"هەماهەنگی تەواومان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی هەرێم و دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکەش هەیە. پێکەوە کار بۆ بنبڕکردن و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ئەو مادانە دەکەین".

کامەران کەریم