زایەڵە - کارەبای سلێمانی ڕایگەیاند، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2/9/2024 لیژنه‌ی دیاریكردنی نرخی موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كان کۆبووەوە و به‌پێی نرخی سوته‌مه‌نی له‌ بازاڕه‌كاندا نرخی هه‌ر كاتژمێرێك بۆ یه‌ك ئه‌مپێر (43) دینارە،‌ به‌مه‌ش نرخی یه‌ك ئه‌مپێر كاره‌بای موه‌لیده‌ی ئه‌هلی گه‌ڕه‌كه‌كان له‌ ناوشاری سلێمانی له‌نێوان (16.000) بۆ (17.000) دیناره‌، بەو پێیەى موەلیدەکان لە نێوان (370 بۆ 395) کاتژمێر کاریان کردوە، به‌هۆی جیاوازی كارکردنیان نرخی ئه‌مپێرێك له‌ گه‌ڕه‌كێك بۆ گه‌ڕه‌كێكی دیكه‌ جیاواز ده‌بێت.

هاوكات، خشته‌ی كارپێكردنی موه‌لیده‌ بۆ مانگى ئاب (24) كاتژمێری دەبێت واتە هەركاتێك كارەبای نیشتیمانی كوژایەوە پێویسته‌ موه‌لیده‌كان كارەبا بدەن به‌ هاوڵاتییان.

لیژنه‌ی دیاریكردنی نرخی موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كان، جه‌ختیان له‌وه‌كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌كاتی كوژاندنه‌وه‌ی كاره‌بای نیشتیمانی نابێت كارپێكردنی موه‌لیده‌ و پێدانی كاره‌با به‌هاوڵاتیان له‌ (5) خوله‌ك زیاتر بخایه‌نێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ خاوه‌ن موه‌لیده‌كه‌ سزاده‌درێت.

کامەران کەریم