زایەڵە - لەوتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە عوسمان کاروانی کارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێ کردنی یەکگرتووی ئیسلامی ڕایگەیاند، سەرباری ڕوون و ڕەوایی داواكاریەكانیان كە مافی دامەزراندن و گرێبەست و قوت و ژیانكردنیانە، ستەمێكی گەورە لە مامۆستایانی ئاینی خۆبەخشی مزگەوتەكان دەكرێت كە ساڵانێكە لە دوانگە و میحرابەكانی كوردستان خزمەت دەكەن.مامۆستایانی ئایینی خۆبەخش ١٨٠٠ مامۆستایە، ژمارەکە زۆرنیە و بارگرانی لەسەر حكومەت دروست ناكەن، پێشتر وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی بەڵێنی دامەزراندنی پێدابوون تاوەکو لەم دۆخە ناھەموارەی ژیان و گوزەرانی ووڵاتەکەماندا ھەندێك باری شانیان سوك ببێت و مافێکی ڕەوای خۆشیان وەربگرن، کەچی بەداخەوە هاوشێوەی سەدان بەڵێنی دیكە پشتگوێخراو جێبەجێ نەکرا.
وتیشی، هۆکارەکەشی وەزارەتی ئەوقاف و دەسەڵاتی جووت حیزبی دەسەڵاتە کە مافێکی سەرەتاییان پێ ڕەوانابینن لێیان زەوتکردوون.
سەبارەت بەو مینحەیەش کە ئەوقاف باسی كردووە لە ئاست شکۆ و گەورەی مامۆستایانی ئاینیدا نی یە و جێگای قبوڵ نیە.مامۆستایانی ئاینی خۆبەخش ساڵانێكە لە مزگەوت و میحرابەكانی كوردستان خزمەت بە ئیسلام و مسوڵمانان دەكەن لە گوندو لادێ دوورە دەستەكان، قەزا و ناحیە و شارەكان، بەڵام لەبری پاداشت كردن و دامەزراندنیان ئێستا پەراوێز دەخرێن، كە ئەمە خوێندنەوەی دیكە هەڵدەگرێت و بەجۆرێك لە جۆرەكان پەراوێز خستنی ئاینی پیرۆز و پەیامەکەمانە بۆ میللەتی كوردی مسوڵمان.
بەرپرسەکەی یەکگرتووی ئیسلامی هێمای بەوەشکرد، ئەركی حكومەت و ئەوقافە كە بە زوترین كات مافەكانیان جێ بەجێ بكات لەپێناو زیاتر ئاوەدانكردنەوەی مزگەوتەكان و گەیاندنی پەیامەکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بۆ خەڵكی كوردستان، كە تا ئێستاش ئەوانن ڕێنیشاندەری ڕێگای دین و ژین و ڕاستی و پەروەردە و چرای زانست ،بە هەموو شێوەیەك ئێمە پشتیوانی خۆمان دەردەبڕین بۆ داوا ڕەواکانی مامۆستایانی ئاینی خۆبەخش و داواکارین دەسەڵاتدارانی ھەرێم لە ژێر ھیچ پاساوێکدا جیاکاری لەگەڵ ئەواندا نەکات کە خزمەتی ئاین و ڕەوشت و بیروباوەڕی میللەتەکەمان دەکەن.
کامەران کەریم