زایەڵە - وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، یەکشەممە، بە ئامادەبوونی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق لە هەولێر بەرێوەدەچێت.
لە راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری، گفتوگۆدەکرێت لەبارەی مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان لە دەستووری عێراق و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە گوێرەی ئەو رێککەوتنانەی کراوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لە کۆبوونەوەکەی رۆژی یەکشەممە، هەموو ئەو دۆسیانەی گرفتیان هەیە لە نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێدەکرێن.
وەزارەتی دارایی عێراق باسی لەوەشکردووە، ئامانج لەو کۆبوونەوەیە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدادە بە گوێرەی دەستوور و یاسا بەرکارەکان، هەروەها بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانیان بە شێوەیەک خزمەت بە بەرژەوەندیی گەلی عێراق بکات.
کامەران کەریم