زایەڵە - بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان دەڵێت، بازرگانێکی "مەترسیدار"ی مادەی هۆشبەریان لە لوبنان و دوو بازرگانی دیکەیان لە هەرێمی کوردستان دەستگیر کردووە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، رۆژی 6ـێ ئەیلوولی 2024 هێزە ئەمنییەکانی وەزارەتی ناوخۆی لوبنان "توانییان ئەو بازرگانە مەترسیدارە کە چەندین پێشینەی تاوان و فەرمانی دەستگیرکردنی هەبوو دەستگیربکەن."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بڕی 10 کیلۆگرام کریستاڵ دەستی بەسەرداگیراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان ئاماژە بە وردەکاریی دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانە دەدات: "لە پرۆسەیەکی هەواڵگریی ورد و بەدواداچوونی بەردەوام کە چەند مانگێکی خایاند، دوای وەرگرتنی رەزامەندیی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش لە رێکەوتی 5ی ئەیلوولی 2024، دوو بازرگانی مادەی هۆشبەر بە 10 کیلۆگرام مادەی هۆشبەری جۆری کریستاڵەوە لە شاری هەولێر و سلێمانی دەستگیرکران."
دەشڵێت: "دواتر شوێنی بازرگانە سەرەکییەکە کە لە وڵاتی لوبنان نیشتەجێ بوو دەستنیشانکراو دوای هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتیەکەمان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی حکومەتی عێراقی فیدراڵ و ناردنی فەرمانی دەستگیرکردنی تاوانبارەکە بۆیان، لە رێکەوتی 6ـی ئەیلوولی2024 هێزە ئەمنییەکانی وەزارەتی ناوخۆی لوبنان توانییان ئەو بازرگانە مەترسیدارە، کە چەندین پێشینەی تاوان و فەرمانی دەستگیرکردنی هەبوو دەستگیربکەن."
هاوکات، باس لەوە دەکات، ئەو بازرگانە بە رەگەز کوردە و "سەرچاوەی دابینکردنی بەشی زۆری ئەم مادە هۆشبەرانە بوو کە لە هەرێمی کوردستان و بەشێک لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق ساغ دەکرایەوە و بڵاودەکرایەوە و ژمارەیەکی بەرچاو لەو بازرگانانەی کە لە هەرێم دەستگیراون و دراونەتە دادگە لەم کەسەوە فێری ئەم بازرگانیە بوون و لەم کارە قێزەونە تێوەگڵاون."
کامەران کەریم