زایەڵە - کۆنسووڵی گشتیی ئێران لە هەولێر دەڵێت، سەردانەکەی پزیشکیان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە یەکەم سەردانی دەرەوەیدا، ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی ئەیلوول گەیشتە بەغدا و دواتر سەردانی نەجەف، بەسرە و هەرێمی کوردستان دەکات. لە هەرێمی کوردستان دەچێتە هەولێر و سلێمانی.
لەبارەی سەردانەکانی ئەم ساڵی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێران و رۆڵیان لە ئارامکردن و باشکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران، کۆنسووڵی ئێران لە هەولێر دەڵێت، "بەدڵنیاییەوە کاریگەرییان هەیە. هەرچۆنێک بێت ئێمە کاریگەری ئەو سەردانانەی نێچیرڤان بارزانی دەبینین. بەگوێرەی ئەو بانگهێشتەی کە لە دکتۆر پزیشکیان کرد و لە بەرامبەریشدا جەنابییان بە ئەرێنی وەڵامی بانگهێشتەکەیانی دایەوە."
لە وەڵامی ئەوەی پزیشکیان بە کوردییەکی رەوان قسە دەکات و جێگرێکیشی کوردە، ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی پەیوەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ کورد بەگشتی بەهێزتر ببێت؟ رەشنودی گوتی، "پەیوەندیی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ کورد هەمیشە پەیوەندییەکی بەهێز و پتەو و جێگەی بایەخ بووە و بەدڵنیاییەوە بەڕێز پزیشکیانیش پشت بەم پەیوەندییە دەبەستێت."
لە سەردانەکەیدا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، بەپێی کۆنسوڵی ئێران لە هەولێر، پزیشکیان لەگەڵ بەرپرسان گفتوگۆ لەبارەی بوارەکانی، "ئابووری و گەشتیاری، کولتووری و زانستی و سیاسی دەکات." هەروەها "بواری کۆمەڵایەتیش لە دیدارەکاندا قسەیان لەسەر دەکرێت."
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ نەسروڵڵا رەشنودی، کۆنسووڵی گشتیی ئێران لە هەولێر:
بەرنامەی سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان چۆن دەبێت؟
نەسروڵڵا رەشنودی: بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان. لە سەروبەندی سەردانەکەی بەڕێز پزیشکیانین بۆ عێراق و دواتریش بۆ هەرێمی کوردستان. سەردانەکەی جەنابیان لەسەر بانگهێشت و داخوازی بەڕێز سەرۆکوەزیرانی عێراق، هەروەها بانگهێشتی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بووە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان. ئامانجی سەردانەکەش پەرەپێدانە بە پەیوەندیی دوو لایەن لە بوارە جیاوازەکاندا.
لە کۆبوونەوەکانی لە هەولێر هەروەک بەرنامە گشتییەکەی زیاتر لەسەر لایەنی ئابووری و بازرگانی دەوەستێت؟
نەسروڵڵا رەشنودی: بە لەبەرچاو گرتنی ئەو پەیوەندییەی ئێمە لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان هەمانە لە کۆمەڵێک بواردا گفتوگۆ دەکرێت. سرووشتیە لە بواری ئابووری و گەشتیاری، کولتووری و زانستی و سیاسی و بوارەکانی دیکەش پشت بە خوا گفتوگۆ و دانوستاندنیان لەسەر دەکرێت. هەروەها بواری کۆمەڵایەتیی ش لە دیدارەکاندا قسەیان لەسەر دەکرێت.
سەردانەکانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران لەم ساڵ دا چەند کاریگەرییان هەبووە بۆ ئارامکردنی پەیوەندییەکان و باشکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران؟
نەسروڵڵا رەشنودی: سرووشتییە بەشداری بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و سەردانە بەردەوامەکانی و.... بەشداری لە رێوڕەسمی ماڵئاواییکردن لە تەرمی بەڕێز رەئیسی، سەرۆککۆمار هەمیشە زیندوو و شەهیدی ئێمە؛ هەروەها بەشدارییان لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوون و سوێندخواردنی بەڕیز پزیشکیان، بەدڵنیاییەوە کاریگەری هەیە. هەرچۆنێک بێت ئێمە کاریگەری ئەو سەردانانەی نێچیرڤان بارزانی دەبینین. بەگوێرەی ئەو بانگهێشتەی کە لە دکتۆر پزیشکیان کرد و لە بەرامبەریشدا جەنابییان بە ئەرێنی وەڵامی بانگهێشتەکەیانی دایەوە. پشت بە خوا سەردانی هەرێمی کوردستانیش دەکات.
ئێستا کاری دەروازەی حاجی ئۆمەران چۆن بەڕێوەدەچێت، هاتووچۆ و بازرگانی تێدا زیاتر بووە؟
نەسروڵڵا رەشنودی: سوپاس بۆ خوا پەیوەندی بازرگانی و ئابوورییمان باشە، ساڵی رابردوو بەراورد بە ساڵی پێشووتر، بەپێی ئەو ئامارەی هەمانە رێژەی هەناردەی ئێمە 16٪ بەرزبووەتەوە. ئەم ساڵ لەم چەند مانگەی رابردوو بە هەمان شێوە بە رێژەیەک بازرگانیمان گەشەی ئەرێنی کردووە. هیوادارین تاوەکو کۆتایی ساڵ بتوانین ئەم بابەتە بەهێزتر بکەین.
هیچ ئاسانکاری تازەی دیکە لەو سەردانەدا باس دەکرێن بۆ گەشتیاران و بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران دا؟
نەسروڵڵا رەشنودی: سرووشتییە ئەم دیدار و سەردانانە کاریگەی دەبێت لەسەر پەیوەندی دوولایەن دەبێت و هەوڵدەدەین کە لەمپەر و گرفتەکانی نێوانمان چارەسەر بکەین. پشت بەخوا ئەنجامی ئەرێنی دەبێت.
سەرۆککۆماری ئێران پزیشکیان بە کوردییەکی رەوان قسە دەکات و جێگرێکی کوردە. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی پەیوەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ کورد بەگشتی بەهێزتر ببێت؟
نەسروڵڵا رەشنودی: پەیوەندی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ کورد هەمیشە پەیوەندییەکی بەهێز و پتەو و جێگەی بایەخ بووە و بەدڵنیاییەوە بەڕیز پزیشکیانیش پشت بەم پەیوەندییە دەبەستێت.
ئایا سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران دوای هەولێر سەردانی سلێمانی دەکات؟
نەسروڵڵا رەشنودی: بەڵێ. بەڕیز پزیشکیان بڕیارە تاجە گوڵینە لەسەر مەزاری سەرۆککۆماری هەمیشە زیندووی عێراق جەنابی جەلال تاڵەبانی دابنێت. بەم هۆکارەشە سەردانی سلێمانی دەکات.