زایەڵە - نوینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاوی کردەوە، سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید پێشوازییکرد لە بەڕێز مەسعود پزیشکیان سەرۆك کۆماری ئیسلامیی ئێران و وەفدی یاوەری.
لە سەرەتای دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە 11-9-2024 لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچو، سەرۆك کۆمار بەخێرهاتنی لە سەرۆكی ئێران کرد و دوبارە پیرۆزبایی لێکرد بەبۆنەی هەڵبژاردنییەوە وەك سەرۆك کۆمار، هاوکات دوبارە سەرەخۆشی لێکرد بۆ کۆچی دوایی سەرۆك ئیبراهیم رەئیسی و حسێن ئەمیر عەبدوللاهیان وەزیری دەرەوە و هاوەڵانیان، کە بە روداوێکی کارەساتبار گیانیان لەدەستدا.
لەدیدارەکەدا، سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دۆست، پتەو و مێژوویین. رونیشیکردەوە، ئێران دراوسێیەکی گرنگی عێراقە و پێگەیەکی گەورەی ناوچەیی هەیە بۆ پشتیوانیکردنی سەقامگیریی ناوچەکە، عێراقیش بە تەواوی و بەهێزییەوە پاڵپشتی هاریکاریەکی هاوبەش دەکات لەپێناو بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و توندڕەوی و چەسپاندنی ئاسایشی سنورەکان و کارکردن بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان لە ناوچەکەدا.
هەروەها سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە لە پێویستی کاراکردنی بڕگەکانی رێککەوتننامە و یاداشتەکانی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو وڵات و پتەوکردنی پەیوەندییە دۆستانەکان لەپێناو خزمەتکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوولا.
بەڕێزیان ئاماژەی بەوەدا، کە دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا یەکێکە لە ئاڵنگارییە هەرە دیارەکانی بەردەم هەردوو وڵات و جیهان بە گشتی. لەم بوارەشدا گرنگی کارکردنی هاوبەشی دوپاتکردەوە، بە تایبەت لە پرسی ئاودا. هاوکات داوایکرد ڕێڕەوە ئاوییەکانی روبارە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات بکرێنەوە و هەموان بگەن بە لێکتێگەیشتنێك، کە جێی رەزامەندی بێت سەبارەت بە دابەشکردنی ئاو.
هاوکات سەبارەت بە شایستە داراییەکانی ئێران لەلای حکومەتی عێراق، سەرۆك کۆمار ئاماژەیکرد بۆ گرنگی کارکردن لەپێناو دۆزینەوەی لێکتێگەیشتنی هاوبەش و چوارچێوەیەکی گونجاو بۆ پێدانی ئەو شایستە داراییانە بە کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە پێچەوانەشەوە.
هەر لە دیدارەکەدا، سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید، ئیدانەی دەستدرێژییەکانی سەر کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کرد، کە بوەهۆی شەهیدبونی ئیسماعیل هەنیە و هاوەڵانی. جەختیشی لە هەڵوێستی پتەو و نەگۆڕی عێراق کردەوە سەبارەت بە دۆزی فەڵەستین و مافی گەلی فەڵەستین لە گەیشتنی بەخواستەکانی و بەدەستهێنانی تەواوی مافەڕەواکانی لەسەر خاکەکەی.
هەروەك بەڕێزیان دەستدرێژییە دڕندانەکانی قەوارەی زایۆنی بۆسەر کەرتی غەززە و خاکی فەڵەستین سەرکۆنە کرد، کە لەئەنجامدا هەزاران شەهید و برینداری لێکەوتووەتەوە و گەمارۆی ناڕەوای خۆراك، ئاو، کارەبا و سوتەمەنی سەپاندوە. لەم بارەیەشەوە پشتگیری عێراقی بۆ هەر دەستپێشخەرییەکی ناوچەیی یان نێودەوڵەتی دوپاتکردەوە بۆ نەهێشتنی گرژییەکان و بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لەناوچەکەدا.
لەلای خۆیەوە سەرۆك پزیشکیان سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ پێشوازی گەرم و میواندارییەکە دەربڕی و هەوڵەکانی سەرۆك کۆماری بۆ بەهێزکردن و پتەوکردنی پەیوەندیی دۆستانە لەنێوان هەردوو وڵات و گەلی دراوسێدا بەرزنرخاند. جەختیشیکردوە، کە کۆماری ئیسلامی بە پەرۆشە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق لە بوارە جیاوازەکان و هاوئاهەنگیکردن سەبارەت بە هەموو ئەو پرسانەی جێی بەرژەوەندی هاوبەشن، هەروەها خواستی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ دۆزینەوەی دەرفەت و میکانیزمی زیاتری هاریکاری لەپێناو بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
هەروەها سەرۆك کۆماری ئیسلامیی ئێران داوای پێکهێنانی لێژنەیەکی هاوبەشی لەنێوان هەردوو وڵاتی دراوسێدا کرد لەپێناو داڕشتنی بەرنامەیەکی ستراتیژی بۆ هاریکاری هاوبەش لە سێکتەرەکانی تەندروستی، ژینگه، پیشەسازی، ئاسایش و گەشتوگوزار، کە هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.
هاوکات گفتوگۆیەکی بەرفراوان لەنێوان هەردوولادا ئەنجامدرا و بەڕێز سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید، سەرۆکایەتی لایەنی عێراقی کرد، کە پێکهاتبو لە بەڕێزان د.فوئاد حسێن جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە، ئیبراهیم نامس وەزیری پەروەردە، د.نەعیم ئەلعەبودی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، زیاد عەلی فازڵ وەزیری کارەبا، د.هیام ئەلیاسری وەزیری پەیوەندییەکان و نەسیڕ عەبدولموحسین باڵیۆزی عێراق لە تاران و ژمارەیەك لە راوێژکاران و لێپرسراوانی حکومی.
لایەنی ئێرانیش بە سەرۆکایەتی بەڕێز مەسعود پزیشکیان سەرۆك کۆمار بو، کە پێکهاتبو لە بەڕێزان عەباس عیراقچی وەزیری دەرەوە، عەبدولناسڕ هیممەتی وەزیری کاروباری ئابوری و دارایی و سەرۆکی لیژنەی هاریکاریی هاوبەشی ئابوری نێوان هەردوو وڵات، فەرزانە سدیق مالواگرد وەزیری رێگاوبان و بونیادنانی شار، محەمەد رەزا فەرزین پارێزگاری بانکی ناوەندی و محەمەد کازم ئال سادق باڵیۆزی ئێران لە بەغداد و ژمارەیەك دیپلۆماتکار و لێپرسراو و پسپۆڕ.
کامەران کەریم