زایەڵە - وەزارەتی پەروەردە خشتەی دابەشکردنی بەشەوانەکانی بۆ هەردوو وەرزی خوێندنی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، خشتەکە هەریەکە لە سیستمی خوێندنی کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی، تورکمانی و سریانی دەگرێتەوە.
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئەو ڕێبەرە ساڵی 2012 بە هاوکاریی ڕێکخراوی یونسکۆ و لیژنەی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی پەروەردەی عێراق و هەرێمی کوردستان دانراوە، بەڵام بەهۆی زیادکردنی هەردوو بابەتی (کارامەیی و بەهای کۆمەڵایەتی)، هاوکات بەهۆی زیادکردنی پشووی ڕۆژانی شەممە بۆ ناوەندەکانی خوێندن، ئەم ڕێبەرە پێویستی بە هەموارکردنەوە بوو.
ئاماژە بەوەشكراوە :ڕێبەرەکە بۆ هەموو ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومییە لە باخچەی ساوایانەوە تا پۆلی 12ی ئامادەیی، ئەمەش بۆ ئەوەیە پرۆگرامەکانی خوێندن لەکاتی دیاریکراودا لە سەرجەم ناوەندەکان پێکەوە تەواوبن.
ڕێبەرەکە بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025 دانراوە و 112 لاپەڕەیە، ئەو قوتابخانانەی یەک دەوامن وانەکانیان 40 خولەکە، پشووەکانیان 10 خولەک دەبێت، بەڵام ئەو قوتابخانانەی دوو دەوامین وانەکانیان 40 خولەکە، پشووەکانیان پێنج خولەک دەبێت.
کامەران کەرم