زایەڵە - قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەبارەی بەڕێوەچوونی دوازدەهەمین فێستیڤاڵی خاڵ ڕایگەیاند: خۆشحاڵین کە شاری سلێمانی لە رێگای فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی خاڵ بۆ قورئانی پیرۆز خانەخوێ و کۆکەرەوەی قورئانخوێنانی ئازیزە لە چەندین وڵاتی جیاواز.
وتیشی: قورئان وەک پەیامی مەزنی خودا و رێچکە و دەستوری ژیان مەقامی باڵای هەیە لە ناو کورددا.
ئاماژەی بەوەش دا؛ گرنگیدان بە قورئانی پیرۆز لە کوردستان مێژوویەکی دێرینی هەیە، بەڵگەش بۆ ئەمە هەبوونی ژمارەیەکی زۆری دەستنووس و دەستخەتی دێرینی قورئانە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا، ئەمەش وابەستەیی و هۆگری خوێندەوارانی کورد بەم پەیامە ئاسمانییە دەگەیەنێت.
زیاتر وتی: خۆشحاڵین کە لە کوردستان قورئانخوێنی بەناوبانگ هەیە و چوونەتە ریزەکانی جیهان، لەم ساڵانەی دواییدا سنووریان بڕیوە و ئێستا لە یوتیوب و پلافۆڕمەکانی دیکەی سوشیال میدیا بەناوبانگن و ئێمەش پشتیوانییان دەکەین. جوان خوێندنەوەی قورئان و گرنگیدان بە جۆرەکانی خوێندنەوە، هونەرێکی چێژبەخش و رۆحانییە و ئاسودەیی دەبەخشێت بە دەروونی گوێگران و خوێنەرانی.