زایەڵە - داوای بەردەوامبوونی کۆبوونەوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان – ئەپیکور، لە راگەێندراوێکدا داوای کرد، بە زووترین کات هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا دەستپێبکاتەوە.
کۆمەڵەکە پێیوایە لێدوانەکانی ئەمدواییەی سەرۆکوەزیرانی عێراق هاندانێكە بۆ ئەوان کە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەپیکور ئامادەیی ئەندامانی نیشانداوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت، بەو مەرجەی دڵنیایی بدرێت هەقدەستی پێشوو و هەروەها داهاتووی کۆمپانیاکان بدرێت و مەرجە ئابووری و بازرگارنییەکانیشیان بپارێزرێن.
ئەپیکور داوا دەکات حکومەتی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان کێشە هەڵپەسێرداوەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن و، بە زووترین کات پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە.
ئەپیکور ئاماژە بە نوێترین لێدوانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ میدیای ئەمریکا لە 17ی ئەیلوول دەکات، کە رایگەیاندبوو، رەنگە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ ئەو پرۆسەیە دەستپێبکاتەوە. کۆمەڵەی ئەپیکوریش بۆ ئەو مەبەستە داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی سێ قۆڵیی نێوان بەغدا و هەولێر و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوتی لە هەرێمی کوردستان کردووە.
کۆمەڵەی ئەپیکور پشتگیریی دوایین راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بەوەی رێککەوتنەکانی فرۆشتنی راستەوخۆی نێوان سۆمۆ و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بۆ دۆخی ئێستا باشترین بژارەیە.
پشتگیریی لە دیدگەی وەزارەتی نەوتی عێراقی دەکات بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ شەش ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.
بەهۆى راگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستانەوە، زیانی 20 ملیار دۆلار بە سەرجەم لایەنەکان گەیشتووە.
ئەگەر عێراق هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە، مانگانە 24 ملیۆن دۆلاری بۆ دەگەڕێتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە ئێستا بەهۆی پابەندنەبوونی بە مەرجی گرێبەستەکان، سزا دەدرێت.
کامەران کەریم