زایەڵە – سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران لە میانەی وتارێکی لە دانیشتنی کۆمەڵەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی کە دەبێت دڕندەیی شێتانەی ڕژێمی زایۆنیستی لە لوبنان پێش ئەوەی ئاگر لە ناوچەکە و جیهان بەربدات، بوەستێت.
دکتۆر مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران لە درێژەی بەرنامەکانی سەردانەکەی بۆ نیۆیۆرک، وتارێکی لە حەفتا و نۆیەمین دانیشتنی کۆمەڵەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەش کرد.
پزیشکیان وتی: من بە بەرنامەیەک لە سەر بنەمای چاکسازی، یەکێتی نیشتمانی، هاوکاری بنیاتنەر لە گەڵ جیهان و گەشەپێدانی ئابوری چوومە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری ئێرانەوە و متمانەی خەڵکەکەمم بە دەست هێنا.
ناوبراو وتی: بەنیازم بناغەیەکی تۆکمە بۆ وڵاتەکەم دابمەزرێنم بۆ ئەوەی بچێتە سەردەمی نوێ و ڕۆڵێکی بنیاتنەر و کاریگەر لە سیستەمی جیهانی سەرهەڵداودا بگێڕێت و ئاستەنگ و تەحەددیاتەکان لاببەم و پەیوەندییەکانی وڵاتەکەم لە سەر بنەمای پێداویستی و ڕاستییەکانی جیهانی ئەمڕۆ ڕێکبخەم .
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە دۆخی ناوچەکە وتی: خەڵکی جیهان لە یەک ساڵی ڕابردوودا شووناسی ڕاستەقینەی ڕژێمی زایۆنیستییان بینی، ئەوەیان بینیوە کە سەرکردەکانی ئەو ڕژێمە چۆن تاوان دەکەن و زیاتر لە 41 هەزار کەسی بێ تاوانیان لە غەززە کۆمەڵکوژ کردووە کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، بەڵام بەم کۆمەڵکوژی و منداڵکوژی و تاوانی شەڕە دەڵێن بەرگری ڕەوا.
دکتۆر پزیشکیان وتی: بە نەخۆشخانە و داینگە و خوێندنگە دەڵێن ئامانجی ڕەوای سەربازی. بەو خەڵکە ئازا و بوێرەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای جیهان کە لە بەرامبەر ئەم تاوان و کۆمەڵکوژییەی غەززە ناڕەزایەتی دەردەبڕن، دەڵێن دژە جولەکە، بەو خەڵکە زوڵملێکراوەی کە پاش حەفتا ساڵ داگیرکاری و سووکایەتی، لە دژی ئەوان ڕاپەڕین دەکەن، دەڵێن تیرۆریست. بەڵام ڕژێمی زایۆنیستی زانایان، دیپلۆماتکاران و میوانەکانی ئێمەی لە نیشتمانی خۆمان تیرۆر کردووە و بە ئاشکرا و نهێنی پشتیوانیی لە داعش و گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکە کردووە. لە بەرامبەردا ئێران بەرگریی لەو بزوتنەوە ئازادیخوازانە کردووە کە دەیان ساڵە بوونەتە قوربانیی تاوان و چەوساندنەوەکانی ڕژێمی زایۆنیستی.
وتیشی کە تەنیا ڕێگای کۆتایی هێنان بەم زوڵم و ئاڵۆزییەی ڕۆژئاوای ئاسیا، گەڕاندنەوەی مافی دیاریکردنی چارەنووسە بۆ گەلی فەڵەستین.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا جەختیکردەوە کە بوونی هێزەکانی بێگانە لە ناوچەکەدا بووەتە سەرچاوەی ئاڵۆزی و ناسەقامگیری و پێویستە وڵاتانی ناوچەکە لە سەر بنەمای دراوسێتی، یەکێتی خۆیان و بەهێزبوونی ناوچەکە مسۆگەر بکەن.
مەسعود پزیشکیان هەروەها سەبارەت بە ڕێکەوتنی ناوەکیش وتی کە ئەگەر لایەنەکانی دیکە پابەندی بەڵێنەکانی خۆیان بن، دەکرێت لە سەر بابەتەکانی دیکەش وتووێژ بکرێت.
ناوبراو لە کۆتاییدا وتی کە ئێران ئامادەیی هەیە بۆ بنیاتنانی جیهانێکی باشتر لە گەڵ هێزەکانی جیهان و وڵاتانی دراوسێ، پەیوەندی ئابوری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئەمنی کاریگەر و یەکسانی هەبێت.