زایەڵە - سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەهۆی شەهیدبوونی  حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنانەوە، سێ رۆژ ماتەمینی گشتی لەسەرتاسەری عێراق راگەیاند.

نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، كەمێك لەمەوبەر لە راگەیەندراوێكدا وتی، سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی بڕیاریدا بە راگەیاندنی ماتەمینی گشتی لە سەرتاسەری عێراق بۆ ماوەی سێ رۆژ، ئەوەش بەهۆی شەهیدبوونی  حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتی حزبوڵاو هاوەڵەكانی لە هێرشێكی ئیسرائیلدا.

بەرلەوە پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا داوایكرد بەبۆنەی شەهیدبوونی  حەسەن نەسروڵاوە، سێ رۆژ ماتەمینی گشتی لە عێراق رابگەیەنرێت.

سەرلە بەیانی ئەمڕۆ شەممە، سوپای ئیسرائیل شەهیدبوونی  حەسەن نەسروڵا و چەند فەرماندەیەكی حزبوڵای لوبنانی لە هێرشێكی دوێنێی سوپاكەیاندا بۆ سەر باشوری لوبنان راگەیاند.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆش حزبوڵای لوبنانی بەڕەسمی هەواڵی شەهیدبوونی  حەسەن نەسروڵای پشتڕاست كردەوە.