زایەڵە - ئەمڕۆ شەممە، لەرێوڕەسمێکدا عومەر سەید عەلی دەسەڵاتەکانی ڕادەستی دانا ئەحمەد مەجید کردو ناوبراو وەك رێکخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان دەستنیشانکرا.
بەهۆی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، مهراسیمهكه لەمەکۆی سەرەکی بزوتنەوەکە لەگردی زەرگەتە ئهنجامنهدرا، بهڵكو (لەهۆڵی یانەی كۆمەڵایەتی لەپاركی ئازادی شاری سلێمانی)
ڕێوەڕەسمی ڕێزلێنان لەعومەری سەید عەلی بەڕێوەچو، هەر لەو ڕێوڕەسمەدا دەستاو دەستکردنی دەسەڵاتی ڕێكخهری بزوتنەوەکە بەڕێوەچو.
لەڕێوڕەسمەکەدا دانا ئەحمەد مەجید بەوەکالەت بەبەڕێکخەری گشتیی هەڵبژێردراو عومەری سەید عەلی تەواوی دەسەڵاتەکانی ڕادەستی ڕێکخەری گشتیی نوێی بزوتنەوەی گۆڕان کرد.
دلێر عەبدولخالق، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگهیاند، "هەر کەسێک هۆکاری داخستنی دەرگای مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان بێت بەڕوی هاوڕێکانی نەوشیروان مستەفا، بڕیارێکی هەڵەی داوە، چونکە ئەو شوێنە، شوێنێکی گشتییە، نەئەمڕۆو نەهیچ کات نابێتە موڵکی تایبەتی، ئێمە چاومان لەئاکارو ڕەفتارو خزمەتکردنی بزوتنەوەی گۆڕانەو چاومان نەبڕیوەتە موڵکی نەوشیروان مستەفا، بەڵکو چاومان لەڕوانگەی نەوشیروان مستەفایە بۆ خزمەتکردنی بزوتنەوەی گۆڕان."
وتیشی، ئەو گۆڕانکارییانەی کراون بۆ بەهێزکردنەوەی بزوتنەوەی گۆڕانەو بەئایدۆلۆجیایەکی نوێوە دەگەڕێتەوە گۆڕەپانی سیاسی، "ڕاستە بزوتنەوەی گۆڕان هەڵەی کردووە، بەڵام خیانەتی نەکردووە".
سەبارەت بەمیکانیزمی هەڵبژاردنی ڕێکخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان، دلێر عەبدولخالق وتی، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بەنوسراوی فەرمی ئەو دەرفەتەی بەبزوتنەوەی گۆڕاندا کە کەسی یەکەمی بزوتنەوەکە، عومەری سەید عەلی بەوەکالەتنامەیەک متمانە ببەخشێت بەکەسێکی جێگەی متمانە بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی ڕێکخەری گشتی، بۆ ئەوەی گۆڕان بتوانێت بەشداری هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکات، دووەمیش ئەو کەسەی متمانەی پێدەدرێت بەرپرسە لە بەستنی سێیەمین کۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕان، خاڵی سێیەمیش ئەوەی دەبێت لە سێیەمین کۆنفرانسی گۆڕان، دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەکە بەشێوەیەک دابڕێژرێتەوە کە لەگەڵ یاسا کار پێکراوەکانی عێراق یەکانگیر بێت.
سەبارەت بەداخستنی دەرگای مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان لەگردی زەرگەتە، وتەبێژەکەی بزوتنەوەکە وتی، گۆڕان هەر لەسەنتەری شاری سلێمانی چەند باڵەخانەیەکی دیکەی شیاوی هەیە بۆ کاری ڕێکخراوەیی.
دوێنێ هەینی 27ی ئەیلوولی 2024، دوای داخستنی دەرگای مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان لەگردی زەرگەتەی سەنتەری سلێمانی، كوڕانی نهوشیروان مستهفا لهڕاگهیهندراوێكدا سهبارهت بهیهكلاییكردنهوهی پۆستی ڕێكخهری گشتی ڕایانگەیاند، بهپێویستی دهزانن یهكلاییكردنهوهی ئهو پرسه له ناو جڤاتی نیشتمانی بێت نهك لهدهرهوهی ئهو جڤاته.