زایەڵە - ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە بۆنەی شەهیدبوونی ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان پەیامێکیان بڵاو کردەوە و جەختیانکردەوە کە ڕێباز و مەکتەبی سەیدی خۆڕاگری بەردەوام دەبێت.
 
 دەقی پەیامەکەی ئایەتوڵڵا خامنەیی بەم شێوازەیە:
 
بسم اللە الرحمن الرحیم
انا للە و انا الیە راجعون
گەلی ئازیزی ئێران
ئومەتی گەورەی ئیسلامی
 
 تێکۆشەری گەورە، ئاڵاهەڵگری خۆڕاگری، زانا و بیرمەندی ئایینی و سەرکردەیەکی لێهاتووی سیاسی، جەنابی سەید حەسەن نەسروڵڵا لە ڕووداوەکانی لوبنان شەهید بوو. سەیدی ئازیزی خۆڕاگری، پاداشتی دەیان ساڵ تێکۆشانی ڕێگای خودا و دژوارییەکانی لە خەباتێکی پیرۆزدا وەرگرت. لە کاتێکدا شەهید بوو کە سەرقاڵی داڕشتنی پلانی بەرگری بوو لە خەڵک و خاکی لوبنان، وەک چۆن کە دەیان ساڵە بەرگری لە فەڵەستین و خەڵکە زوڵملێکراوەکەی دەکرد و شەهیدبوون پاش ئەم هەموو خەباتە، مافێکی ڕەوای ئەو بوو.
 
 جیهانی ئیسلامی، کەسایەتییەکی گەورە و بەرەی خۆڕاگری ئاڵاهەڵگرێکی نایابی لەدەستدا، حزبوڵڵای لوبنانیش سەرکردەیەکی بێهاوتای لەدەستدا، بەڵام نیعمەتەکانی پلانی دەیان ساڵە و تێکۆشانەکەی هیج کات لەدەست ناچێت. ئەو بنەمایەی کە لە لوبنان دایمەزراند و بە ناوەندەکانی دیکەی خۆڕاگریی بەخشی، نەک هەر بە لەدەستدانی خۆی لەدەست ناچێت، بەڵکوو بە نیعمەتی خوێنی خۆی و شەهیدانی دیکەی ئەم ڕووداوە بەهێزتر دەبێت. لێدانەکانی بەرەی خۆڕاگری لە سەر جەستەی لاواز و خەراپبووی ڕژێمی زایۆنیستی زیاتر و زیاتر بەهێزتر دەبێت. سرووشتی خەراپەی ڕژێمی زایۆنیستی لەم ڕووداوەدا سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە.
 
سەیدی خۆڕاگری تەنیا مرۆڤێک نەبووە، ڕێگایەک و مەکتەبێک بووە و ئەم ڕێگایە بەردەوام دەبێت. نە خوێنی شەهید سەید عەباس موسەوی لە سەر زەوی مایەوە، نە خوێنی شەهید سەید حەسەن لە سەر زەوی دەمێنێتەوە.
 
بۆ هاسەرە بەڕێزەکەی سەیدی ئازیز کە بەهەمان شێوە سەید هادی کوڕی خۆیی لە ڕێگای خودادا بەخشی، هەروەها بە منداڵە خۆشەویستەکانی و بۆ کەسوکاری شەهیدانی ئەم ڕووداوە، بۆ هەر ئەندامێکی حزبوڵڵا و بە خەڵکی ئازیز و دەسەڵاتدارانی باڵای لوبنان و بۆ هەموو بەرەی خۆڕاگری، پیرۆزبایی و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی هەموو نەتەوەی ئیسلامی دەکەم بە بۆنەی شەهیدبوونی نەسروڵڵای گەورە و هاوەڵانی شەهیدی و پێنج ڕۆژ ماتەمینی گشتی لە ئێرانی ئیسلامی ڕادەگەیەنم.