زایەڵە - لیستی سەوزی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان رایگەیاند، پشتگیری لە بانگەوازی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەن لە رەتکردنەوەی 'هەژماری من' و تەوتینکردنی مووچە.

لیستی سەوزی یەکێتیی مامۆستایانیی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە مووچە، وەک یەکێتی مامۆستایان باوەڕی تەواویان بەوە هەبووە، کە تەنیا بە تەوتینکردن کێشەی مووچە کۆتاییدێت.
لە راگەیەندراوی لیستی سەوزی یەکێتیی مامۆستایان ئاماژە بەوەشکراوە، "بەردەوام داوامان لە هەموو لایەنەکان کردووە، پشت لە هەژماری من بکەن و پشتگیری پڕۆسەی بە بانکیکردن لە بانکە حکومییەکان بکەن."
ئەوەشخراوەتەڕوو، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەو بارەیەوە گوتویەتی، هەژماری من رەتدەکەنەوە و پشتیوانی لە تەوتینکردنی مووچەکان لە بانکە حکومییەکانی سەر بە حکومەتی ناوەندی دەکەن.

لیستی سەوزی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان باسی لەوەشکردووە، "ئەو هەڵوێستەی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رەنگدانەوەی داخوازییەکانی زۆربەی مامۆستایەنە لە هەرێمی کوردستان، پێمان وایە بە هەژماری من کێشەکان کۆتایی نایەت و هیچ سوودی لێناکەوێتەوە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، بە هەموو شێوەیەک پشتگیری ئەو بانگەوازەی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەن و داوا لە لایەنەکانی دیکەش دەکەن پشتگیری بکەن، بۆ ئەوەی بە یەکجاری کێشەی پاشەکەوت، لێبڕین، پێنەدان و بە بارمتەگرتنی مووچەی مامۆستایان کۆتایی پێبێت.

کامەران کەریم