زایەڵە - بەڕێوەبەرایەتی كوالێتی كۆنتڕۆڵی دەرمانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت،بڕیاردرا بە کشاندنەوەی دوو بەرهەمی دەرمانسازی، كە تایبەتن بە “تەواوكەری خۆراك بەشێوەی قەترە و ماددەی میلاتۆنین (خەو)ی تێدایە”.
بەڕێوەبەرایەتی كوالێتتی كۆنتڕۆڵی دەرمانی هەرێم (KMCA ) دوای ئەنجامدانی دووبارە هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی تاقیگەیی بۆ دوو بەرهەمی دەرمانسازیی تەواوکەریی خۆراکی بە شێوەژەمی دەرمانسازیی قەترەی دەم، کە ماددەی میلاتۆنینیان تێدابوو، دوای دەرچوونی ئەنجامەکان بە نەرێنی و دەرنەچوونیان “not comply” لە شیکردنەوەی تاقیگەیی، بڕیاریدا بە کشاندنەوەیان و لەناوبردنیان.
ڕاشیگەیاندووە، بەرهەمە دەرمانسازییەکان بە ناوەکانی (HONORTONIN drops) بە ژماره باچی (HNR1715) دروستکراوی کارگەی (HONOR) و (melatonin drops) بە ژمارە باچی (23B038) دروستکراوی کارگەی (inalme) دوای ئەوەی لەلایەن تیمەکانی تاقیگەکانی بەڕێوەبەرایەتیی شیکردنەوەی تەواوەتی تاقیگەییان بۆ ئەنجامدرا، دەرکەوت، کە تەنۆلکەی بینراو “visible particle”یان تێدایە ئەوەش پێچەوانەی تایبەتمەندیی بەرهەمەکانە و شیاوی بەکارهێنان نین.
جێی ئاماژەیە هەردووک بەرهەمەکە پێشتر فرۆشتنیان لە بازاڕ ڕاگیرابوو تا هەڵسەنگاندنی ئەنجامە نوێیەکان، هۆکاری خراپبوونی هەردووک بەرهەمەکەش، خراپ کۆگاکردن و گواستنەوەیان بووە.
ئەوەشی خستەروو، سەرجەم دەرمانخانە و کۆگاکانی دەرمان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان ئاگاداردەکەینەوە، کە ئەو دوو بەرهەمە لە پشکنین دەرنەچوون و بەڕێکاری زانستی دەرمانسازی و ژینگەیی لەناودەبرێن.
کامەران کەریم