زایەڵە - ئاسایشی نیشتمانی عێراق ڕایگەیاند، باندێک کە بازرگانیان بە مرۆڤەوە کردووە دەستگیرکران، کە منداڵێکی 14 ڕۆژییان ڕفاندووە و دواتریش به بڕی 40 هه‌زار دۆلار به‌‌ كه‌سێكیان فرۆشتووه‌.

ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، باندێكی نێوده‌وڵه‌تیی،كه‌ پێك هاتبوو له‌ پیاوێك و ئافره‌تێكی بیانی و پێش ماوه‌یه‌ك خۆیان گه‌یاندووه‌ته‌ عێراق دەستگیرکران.

ڕوونیشیکردەوە، ئه‌و بانده‌ منداڵێكی ساوا كه‌ ته‌مه‌نی ته‌نیا چوار ڕۆژ بووه‌، ڕفاندوویانه‌ و به بڕی 40 هه‌زار دۆلار به‌‌ كه‌سێكیان فرۆشتووه‌ كه‌ پێشوه‌خته‌ له‌سه‌ری ڕێك كه‌وتبوون.

جەختی لەوەشکردەوە، دوای ئه‌وه‌ی زانیاریی وردیان له‌ باره‌ی بانده‌كه‌وه‌ ده‌ست كه‌وتووه‌، له‌سه‌ر فه‌رمانی دادوه‌ر و له‌ ئۆپه‌راسیۆنێكدا له‌ به‌غدا ده‌ستگیریان كردوون و منداڵه‌كه‌یش ڕاده‌ستی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار كراوه‌.

ئاشکراشیکرد، ئه‌و بانده‌ دانیان به‌وه‌دا ناوه‌، پێشتریش به‌ مه‌به‌ستی بازرگانی، منداڵێكی ساوای 14 ڕۆژییان ڕفاندووه‌، كه‌ هی دایكێك بووه‌ چه‌ندان ساڵه‌ هاوسه‌رگیری كردووه‌ و منداڵی نه‌بووه‌.

کامەران کەریم