زایەڵە - قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بۆردی  وەرزش و لیژنەی باڵای وەرزشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بڕی زیاتر لە سێ ملیارد دیناری بۆ خزمەتکردنی کەرتی وەرزشی کوردستان تەرخان کرد.

ئەو بڕە پارەیە بۆ دروستکردن و نۆژەنکردنەوە و دابینکردنی پێداویستیی بۆ یاریگاکان لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان و قەزای بەردەڕەش لە پارێزگای دهۆک تەرخان دەکرێت.

بەپێی ئەو پلانەی دانراوە، ئەو بودجەیە بۆ ٣١ پڕۆژە تەرخان کراوە، ژمارەیەک یاریگا نۆژەن دەکرێنەوە و چەند یاریگەیەکیش دروست دەکرێن و پێداویستییەکانی چەند یاریگایەکی دیکەش دابین دەکرێت.

بەم هەنگاوە بەشێکی زۆر لە کێشەو کەموکورتیەکان لە ژێرخانی وەرزش چارەسەردەبن، بۆ ئەوەی یانەکان و تیپە میللیەکان بتوانن لە سنورەکانی خۆیان پەرە بەتواناکانیان بدەن.

هەروەها قوباد تاڵەبانی لەو کۆبوونەوەیە بۆردی وەرزشی راسپارد کاری زیاتر لەسەر  بەپیشەکردنی وەرزش بۆ وەزشوانان و وەبەرهێنان لەکەرتی وەرزش بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش پلان و پڕۆژەی پێشکەش کردن کە لەقۆناغی ئێستا و داهاتوو چۆن کاری لەسەر بکەن.

کامەران کەریم