زاەڵە - نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی لە ئەنقەرەیە و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆشکی کۆماریی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: گفتوگۆمان لەبارەی چەند بابەتێک کرد، لەنێویاندا بەرەوپێشبردنی سەقامگیریی ناوچەکە و بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق و تورکیا.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە گەیشتە ئەنقەرە.
دوای گەیشتنی بە ئەنقەرە، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا ئیبراهم کاڵن، بەرپرسی دەزگای میتیش بەشدار بوو.
ئەم سەردانە فەرمییەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەنقەرە دوای شەش مانگ دێت لە سەردانی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ بەغدا و دواتریش بۆ هەولێر و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان.'