زایەڵە - بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان پێشوازی لە كەسایەتیی دیاری بارزان و كوردستان شێخ ئەدهەم عوسمان شێخ ئەحمەد بارزانی كرد.
لەدیدارێكدا كە د. هاوڕێ شێخ دارۆ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئامادەیبوو،دواپەرەسەندنەكان لەسەر ئاستی گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی كوردستان، عێراق و ناوچەكە تاوتوێكران و جەخت لە هەماهەنگی و هاریكاریی زیاتر لە نێوان هێزە شۆڕشگێڕەكان و دەربەستی كوردایەتی و كەسایەتییەكانی كرایەوە كە پەرۆشی بوونیادنانی حكومڕانییەكی تەندروستن.
لەدیدارەكەدا سەرۆك بافڵ وێڕای بە گەرمی بەخێرهێنانەوەی لە تەندروستی پرسی و بەڕێزەوە لە رۆڵ و پێگەی بەڕێزیان و شێخانی بارزانی رووانی كە رۆڵیان لە خەبات و تێكۆشانی كوردایەتی و چاكەكاریدا دیار و بەرچاو بووە.
هاوكات شێخ ئەدهەم سوپاس و پێزانینی شێخانی بارزانی بە سەرۆك بافڵ گەیاند لەبەرامبەر وتارەكەی و نرخاندنی بۆ پێگەی شێخی بارزان و شێخ ئەحمەدی بارزانی، وتی، "ئەوە جێگای ڕێز و تەقدیری هەموومان بوو و بە دڵ سوپاست دەكەین".
هەر لە دیدارەكەدا شێخ ئەدهەم پشتیوانی تەواوی بۆ سیاسەتەكانی سەرۆك بافڵ دەربڕی و رایگەیاند، هەڵوێستەكانت لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق و بابەتە نەتەوەییەكان جێگای پێزانینمانە و وەك هەمیشە هیوای سەركەوتنت بۆ دەخوازین.
کامەران کەریم