وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: پرسی بەشدارى ژنان لە کایەکانى بەڕێوەبردن یەکێکە لە پرسە گرنگ و هەستیارەکانی کۆمەڵگەکەمان، هەرچەندە کۆمەڵگەی ئێمە بەدەر نیە لە تێڕوانینى هەڵەو لێکدانەوەى نازانستى بۆ کەمکردنەوەى تواناو لێهاتویەکانى خانمان، بەڵام دەبێت لەڕوی ئابوری و پەروەردەیی و کلتورییەوە زەمینەی بەشداری ڕاستەقینەی خانما ن برەخسێنین .
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، ئەو لێدوانەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ سێشەمە ڕێکەوتى (2021/5/4) لە میانى پێشوازیکردنى هات لە د. خانزاد ئەحمەد ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان و ئەندامانى دیکەى ئەنجومەنەکە.
لە وتەیەکدا ئەمیندارى گشتى ئەنجومەنى باڵاى کاروبارى خانمان وێڕاى نیشاندانى سوپاسگوزارى بۆ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەبەرامبەر هەوڵ و کارەکانى لە بوارى یەکسانى جێندەرى لە ناوەندەکانى خوێندن، پلان و بەرنامەى ئەنجومەنەکەى بۆ ئامادەبوان شیکردەوەو ڕایگەیاند: ئامانجى ئەنجومەنى باڵاى کاروبارى خانمان دانانى ستراتیژ و دەستنیشانکردنى پرسەکانى پەیوەستە بە ژنان و ئافرەتانە لە هەرێمەکەمان و هەماهەنگى کردن لەگەڵ دەزگاو دامەزراوەکانى دیکە بۆ کارکردن لە بوارى یەکسانى جێندەرى.
لە بەرامبەردا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهێنانى ئەمیندار و ستافى ئەنجومەنى باڵاى کاروبارى خانمان و بەرزنرخاندنى ئەرک و رۆڵى ئەنجومەنەکە و نیشاندانى هاوکارى و هەماهەنگى وەزارەت بۆ کارەکان، ڕایگەیاند: باوەڕمان وایە کە دەبێت کار بکەین بۆ ئەوەی خاڵ بە خاڵی ڕوئیاکانی نەتەوەیەکگرتوەکان لە چوارچێوەی ( ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام) بۆ خانمانی وڵاتەکەمان بکەینە واقیع و بتوانین هەمو ئەو ئاستەنگانە چارەسەر بکەین کە دەبنە ڕێگر لەبەردەم بەشداری خانمان لە بوارە جیاجیاکانی گەشەپێدانی وڵاتەکەمان.
هەروەک وتیشى: وەکو وەزارەتی خوێندنی باڵا لە هەنگاوەکانی یەکەمدا لە سەر ئاستی وەزارەت لێژنەی تایبەتمان بۆ پرسی یەکسانی جێندەر پێکهێناوە، هەروەها لە هەمو زانکۆکانی کوردستان سێنتەری جێندەناسیمان دامەزراندوە، لەبەشێکی زۆری زانکۆکانمان گروپی توێژینەوەی چالاک لە بواری جێندەردا کار دەکە ن، ئێمەش هەوڵ دەدەین پشتیوانی زیاری توێژەرانی ئەم بوارە بکەین .
لەبارەى پرسی خوێندنی بابەتی جێندەر لە زانکۆکانی کوردستان دوپاتیکردەوە: دەبێت ئەو ڕاستیەمان لەپێش چاو بێت کە بەهاو نۆرم و بنەماکانی یەکسانی جێندەر بەوردی لەتەواوی سیستمی پەروەردەی و پێداگۆجی هەرێمەکەماندا ڕەنگبداتەوە، ئەگەر ئێمە سیستمێکی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی سەقامگیرمان بوێت، دەبێت کار بۆ بەشداری ڕاستەقینە و هاوسەنگی کچان و ژنانی وڵاتەکەمان بکەین لە هەمو کایەکانی ژیان.
لە کۆتاى کۆبونەوەکەدا پێشنیازى ئەنجامدانى دیدارێکى هاوبەش لە نێوان هەردولا پەسەندکرا بەشێوەیەک دەستنیشانکردنى بابەتە هاوبەش و هەستیارەکانى نێوان هەردولا ببێتە بنەماى کارى داهاتوى وەزارەت لە زانکۆکانى کوردستان.

May 04, 2021