زایەڵە - به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ئاسایش/ هه‌ولێر :دواى بەدەستگەیشتنى زانیارى و بەڵگە و چاودێریکردنی تیمەکانی بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی ئابووری سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئاسایش/ هەولێر، لەسەر کۆمپانیای (Real king) بۆ فرۆشتنی پاتری ئۆتۆمبێل، دەرکەوت کە کۆمپانیاكه‌ پاتری ئۆتۆمبێل لە وڵاتی ئێران و تورکیاوه‌ هاوردە دەکات، 

دواتر پاترییەکان لەناو کۆگایەک لە نزیک شاری هەولێر بە ستیکەری کۆمپانیاکانی تر دەستکاری و ساختە دەکات و ژمارەی ئەمپێرەکانی سەر پاترییەکان زیاد دەکات و پاترییەکان لە (٢٥-٣٠) ئەمپێری کراوەتە (٦٠) ئەمپێری و زیاتر لە بیست هەزار دانەی ئەم پاتریانە لەناو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان ساخکردووتەوە.

لە ئەنجامى پێشکەشکردنى زانیاری و بەڵگەکان بۆ دادوەرى لێکۆلینەوەى ئاسایش، فەرمانى دەستگیرکردن و گرتنەبەرى رێکارە یاساییەکان دەرچوو و خاوەن کۆمپانیاکە بەناوی (ک، و، ج) و کرێکارێکی بیانی بەناوی (ڤ، چ، چ) کە دەستیان لەم ساختەکاریەدا هەبوو دەستگیر کراون و پەڕاوى لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە، هەروەها دەست بەسەر یانزدە هەزار دانە پاتری دا گیرا.

کامەران کەریم