زایەڵە - لە وتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە عوسمان گوڵپی چاودێری سیاسی ڕایگەیاند، کۆمەڵی دادگەری لەزاری سەرۆکەکەیەوە بڕیاریدا نەچێتە پەرلەمانی کوردستان و وەك خۆیان وتیان بەشداری پەرلەمانێکی دیزاینکراو نەکات، لە ڕاستیدا ئەم پرسە بۆ هێزی سیاسی بڕیارێکی قورسەو نابێت سەرپێیانە لێی بڕوانیت و یەکەمین خاڵی بەهێزی سەرچاوەی بڕیارەکەیە کە خۆ ویستانە وسەربەخۆیانەیە،ئەم بڕیارە بە جۆرێك ئەرکی کۆمەڵ قورس دەکات زیاتر لەوەی کە لە پەرلەماندا فراکسیۆنێکیان هەبێت، بۆیە ئەوەی بڕیار ئەدات ئەم هەنگاوە لێکەوتەی ئیجابی یان سلبی هەبێت ئەوەیە کە کۆمەڵی دادگەری چۆن دەتوانێت تەواوکاری ئەم هەنگاوە سەرەتاییە بنێت، بە جۆرێك بەهێزی بریاری نەچوونە پەرلەمان وابەستەی ئەوەیە چۆن کایەی سیاسی خۆیان بەهێز دەکەن.

وتیشی، بەڵام ئەوەی زۆر گرنگە بۆ کۆمەڵی دادگەری ئەوەیە کە نابێت تەزویر لەهەڵبژاردنەکاندا بکا بەبەرگی گرفتە نێوخۆییەکانیدا و چاوی حیزب لەسەر گرفتە نێوخۆییەکان لابەرێت، چونکە من پێم وانیە کۆمەڵ دۆخی ئەوەندە باش بووبێ کە چاوەڕیی گەشەی لێ کرابێت، لە ئەگەری هەڵبژاردنێکی خاوێنیشدا چاوەڕوانی زیادکردنی کورسیەکانی لێ نەدەکرا، بۆیە نابێت وا نیشان بدات کە دۆخی ناوخۆیی حیزبی و سیاسی زۆر باش و بێ گرفت بووە بەر لە هەڵبژاردنەکان، وەك چۆن نابێت دۆخی  نێوخۆی حیزبەکە وا بکات کە باوەڕ بەوە بهێنن کە دەنگەکانیان بە ئامانج نەگیراوە و ئەوە دەنگی ڕاستەقینەی خۆیەتی، کە من پێموایە لانیکەم دوو کورسی کۆمەڵ بە ئامانج گیراوە لەم هەڵبژاردنەدا.

ئەوەشی خستەڕوو،  ئەوەی کە دەبێت بوترێت ئەوەیە کە ئەگەر کۆمەڵی دادگەری هەشت کورسی پەرلەمانیشی بەدەستبهێنایەئەوکاتیش هیچی لە زەرورەتی واقیعیانەی بەخۆداچوونەوە نەدەگۆڕی، بۆیە دەبێت ئێستا زیاتر لە هەموو کات گوێ لە ڕەخنەگرەکان و ڕەخنە جدییەکانیان بگرێت و هەوڵی رێکخستنی ڕەخنەکان بدات و بیانکاتە کەرەستەی خۆ بنیادنانەوە بەبێ هەڵاوێرکردن، چونکە کەم نین ئەو کێشانەی لەپاڵ تەزویرەکەدا هۆکاری پاشەکشەی کۆمەڵی دادگەرین، کە وایکردوە لە دەساڵی ڕابردوودا دەرگای چوونەدەرەوە لە کۆمەڵ ئاوەدان و دەرگای هاتنە ناو کۆمەڵ چۆڵ و بيدەنگە، بەمەش دەوترێت نەزیفی حیزبی، بەتایبەت بۆ هێزێك کە جگە لە ئەندام و کادیرەکانی کەرەستەیەکیتری نیە بۆ بەشداری هەڵبژاردن و کۆکردنەوەی دەنگ.

ئەوچاودێرە سیاسیە ڕونیشیکردەوە، بۆیە پێویستە کۆمەڵی دادگەری لە پاڵ ئەم بڕیارە بوێرانەیەدا دیراسەی هۆکارەکانی لاوازبوونی خۆی بکات و چەندین پرسیار لەخۆی بکات و هەر خۆشی وەڵامیان بداتەوە تا کۆمەڵ دەگەیەنێتە ئاستێك بتوانێت وەڵامی ئەم قۆناغەی کاری سیاسی بداتەوە، کە من پێموایە هێزی ئیسلامی دەمێکە وەڵامی پرسیارەکانی خەڵکی پێ نادرێتەوە، هەرچەند بایی ئەوە سەرمایەی مرۆیی و مەعنەویان لەبەردەستایە کە بتوانن وەڵامی نەك ئێستای خەڵك بەڵکو وەڵامدەرەوەی قۆناغەکانی داهاتوش بدەنەوە و ئەوەش تەنها پێویستی بە گۆڕانکاری و بەخۆداچوونەوەی ڕاستەقینەیە نەك ڕووپۆشکردن و داپۆشینی دۆخی ئێستا. 

کامەران کەریم