زایەڵە - لە پەرلەمانی عێراق واژۆی زیاتر لە ١٠٠ پەرلەمانتار بۆ تەوتینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كۆكرایەوە و كاروان یاروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنەكە دەڵێت، ئەوەش لەسەر داخوازی مووچەخۆران بووە.

لە پەرلەمانی عێراق واژۆی ١٠٨ پەرلەمانتار بۆ جێبەجێ‌ كردنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە تەوتینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە بانكە فیدڕاڵییەكانی عێراق كۆكرایەوە، ، ئەندام پەرلەمانتارێکی کوردیش دەڵێت"ئەوەش لەسەر داخوازی مووچەخۆران بووە"

كاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە ٢٩ی تشرینی یەکەم عێراق لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردووەتەوە، "وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ داخوازی خەڵک و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، توانیمان تاوەكو ئێستا ئیمزای زیاتر لە ١٠٨ پەرلەمانتار و سەرۆکی فراکسیۆن کۆبکەینەوە".

روونیشیكردووەتەوە، ئەوەش بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی تەوتینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

بەپێی نووسراوەكە، هەریەكە لە سەرۆكی فراكسیۆنەكانی (یەكێتی و یەكگرتوو و كۆمەڵی دادگەری و نەوەی نوێ‌) واژۆیان كردووە لەگەڵ واژۆی چەندین پەرلەمانتاری دیكەی عێراقی.

وەك لە نووسراوەكەدا هاتووە"سەرۆكایەتی پەرلەمان نووسراو بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق و دادگای فیدڕاڵی بكات بۆ جەختكردنەوە لە سەر جێبەجێ‌ كردنی بڕیاری دادگای باڵا، چونكە بڕیارەكە ڕوون و ئاشكرایە، كە دەبێت تەوتین لای بانكە حكومییە فیدڕاڵییەكان بكرێت، كە لقیان لە هەرێم نییە".

کامەران کەریم