زایەڵە - نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیداری مێری ڕایگەیاند لەپرۆسەی هەڵبژاردن گەلی کوردستان سەرکەوت، وتیشی ناتوانین جارێکی دیکە هەر لە کەشی هەڵبژاردن بین و دژی یەکدی قسە بکەین.

بارزانی ڕاشیگەیاند، تازە تەواو ئێمە هەڵبژاردنمان کردووە، ناتوانین جارێکی دیکە هەر لە کەشی هەڵبژاردن بین و دژی یەکدی قسە بکەین دەبێ ئێمە پێکەوە کار بکەین، ئەوەی لەبەردەم ئێمەیە زۆر زۆر گەورەترە لەوەی رۆیشتووە، ئۆپۆزیسیۆن دەتوانێت رۆڵی خۆی لە پەرلەمان ببینێت، بوونی ئۆپۆزیسیۆن لە هەر سیستمێکی سیاسی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ چاودێریی حکومەت و چاودێڕیی ئەدای حکومەت، ئێمەش ئەوها سەیری دەکەین: هەندێک لەم حیزبانە دێنە دەسەڵات؛ هەندێکیش دەمێننەوە و دەبنە ئۆپۆزیسیۆن. بەڵام ئەمانە دوژمنی یەک نین، نە دەسەڵات دوژمنی ئۆپۆزیسیۆنە و نە ئۆپۆزیسیۆنیش دوژمنی دەسەڵاتە؛ دوژمنداری نییە، رکابەری سیاسیی هەیە، بەڵام ئێمە دوژمن نین.

سەرۆکی هەرێم وتیشی من پێموایە هێزە سیاسییەکانی کوردستان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی زۆر گەورەن، 72٪ی خەڵکی کوردستان بەشدارییان کردووە لە هەڵبژاردن، ئەمە پەیامە.. خەڵکی کوردستان پەیامی ئەوەی دا "ئێمە ئەو سیقەیەمان بە ئێوە دا، دەبێ ئێوەش لە چاوەڕوانی ئەو سیقەیە بن کە ئێمە بە ئێوەمان داوە".

وتیشی دەبێ هێزە سیاسییەکان درک بەوە بکەن کاکە هەڵبژاردن تەواو بوو، قسەکانمان کرد و هەریەک بەشبەحاڵی خۆی هەوڵی دا بە بانگەشەی هەڵبژاردن خەڵک رازی بکات، خەڵکیش دەنگی دا بۆ ئەو لایەنەی کە مەبەستی بووە و دەیەوێ. تازە تەواو! مانەوەمان لەم دۆخە زەرەرە، چونکە خەریکە گۆڕانکاریی گەورە لە ناوچەکەدا روودەدا، ناکرێ جارێکی دیکە ئێمە میللەتی خۆمان بێهیوا بکەین. دەبێ بە زووترین کات (من دەزانم چەندە) هەوڵبدەین حکومەتێک دروست بکەین و لایەنەکان دەست بە قسە بکەن و ئەمە هەموو خۆی پرۆسەیەکە. هاوکات جەختیشیکردەوە لەوەی ئێستا کاتی ئەوە هاتووە بە دڵێکی فراوان لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ یەکدی دابنیشن. بەپێی یاسا دەبێ سەرۆکی هەرێم داوای دانیشتنی پەرلەمان بکات، ئێمە هەموو ئەو پرۆسەیە دەکەین. من پێموایە حیزبە سیاسییەکان لە ئێستاوە دەستیانپێکردووە بەوەی لەگەڵ یەکدی گفتوگۆ بکەن. من بۆ ئەنجامەکان نازانم؛ بەڵام خۆ ژمارەکان ئاشکرایە: کێ دەتوانێت لەگەڵ کێ قسە بکات و ئەمە مەعلومە، کورسییە و ژمارەیە، تۆ لەوە زیاتر هیچت بەدەستەوە نییە، بەپێی ئەو ژمارانە دەبێ حکومەتێکی هاوپەیمانیی بێت.

هەروەها وتیشی ئەم هاوپەیمانێتییە چۆن دروست دەکرێ؟ پێموایە دەبێ هێزەکان زیاتر سەرنجیان لەسەر ئەم خاڵە بێت؛ چونکە هیچ هێزێک بەتەنیا خۆی ئەوەندە کورسییەی نییە کە بتوانێت ئەم ئیشە بکات و بە دڵنیایی دەبێ لەگەڵ حیزبەکانی دیکە هاوپەیمانێتی دروست بکات و ئەوەی کە موهیمە دەبێ حکومەتێک بە زووترین کات دروستبکرێت، ئەو حکومەتەی کە گەلی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە چاوەڕێی دەکات، ئەمە بۆ ئێمە گرنگە لە کوردستان و بۆ پێگەکەشی گرنگە لە بەغدا.