زایەڵە - گەشتوگوزارى هەڵەبجە ڕایگەیاند:" چاوەڕێ دەکەین لە سێیەمین ڕۆژی فیستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە ژمارەی سەردانیکەران  بگاتە 300 هەزار کەس.

دوای ئەوەی ڕۆژی پێنج شەممە 2024/10/31 دەیەمین فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە لە پارکی شاری یاریی هەڵەبجە دەستی پێکرد و گەشتوگوزارى هەڵەبجە، ئاشکرایکرد، لەیەکەم ڕۆژی بەڕێوەچونی فیستیڤاڵەکەدا 80 هەزار کەس سەردانی هەڵەبجەیان کردووە، 

گەشتوگوزارى هەڵەبجە، ئەوەشیخستۆتەڕوو، لە رۆژى دووەمیشدا 110 هەزار گەشتیار و سەردانیکەر سەردانى فێستیڤاڵەکەیان کردووە و بەوەش رێژەى سەدانیکەران بۆ 190 هەزار کەس بەرزبووەتەوە

گەشتوگوزارى هەڵەبجە، ئاماژەی بەوەشکرد:"ئەمڕۆ کە سێیەمین ڕۆژی فیستیڤاڵەکەیە و  فێستیڤاڵەکە کۆتایى دێت، پێشبینى دەکرێت رێژەى سەردانیکەران بۆ 300 هەزار کەس بەرزبێتەوە.

دەیەمین فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە لە پارکی شاری یاریی هەڵەبجە بەردەوامە و بڕیارە ئەمڕۆ تاوەکو کاتژمێر 6:00 بەردەوام بێت، فێستیڤاڵەکە رۆژى پێنجشەممە، بە بەشداریى سەدان کەس و بە دروشمی رەسەنایەتی و شوناسی نەتەوەیی، پاراستن و پەرەپێدانی بەرهەمی خۆماڵی و گەشەپێدانی چالاکیی کولتووری و هونەریی دەستیپێکرد.