زایەڵە - هەرچەندە لە ئێران زمانی کوردی فەرمی نییە و لە خوێندنگاکان ناخوێندرێ، بەڵام قەدەغەش نییە. ماوەی ڕابردوو لە هەڵمەتی هەڵبژاردن و دواتریش چەند جارێک سەرۆککوماری ئێران بە کوردیەکی جوان قسەی کرد و خەڵکی تریش هەڵوێستی جۆراوجۆریان لەسەر دەربڕی. بە بۆچوونی خۆم ئەو بە کوردی قسە کردنە چەند شتێک دەگەیەنێ:
١- سەرەڕای ئەوەی سەرۆککۆمارە شارەزای زمان و کلتوری نەتەوەکانی ئێرانە، نموونەی فارسی و ئازەری و کوردی. ئەوەش دەرفەتێکی باشی دیالۆگی لەیەکتر تێگەیشتن و یەکتر قبولکردن دەرەخسێنێ.
٢- وەکو سەرۆککۆمار کێشەی لەگەڵ زمان و کلتوری کوردی نییە، بۆیە جۆرێک لە ئامادەیی خۆی بۆ چارەسەرکردنی گرفتی نەتەوەیی لە چوارچێوەی دەوڵەتدا نیشان داوە.
٣- لەبەر ئەوەی زمان حاڵی دەوڵەتە بە کوردی قسەکردنی دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی نەژاد پەرستی و هۆکارێکیشە بۆ ئەوەی بەڕێوەبەرانی دەوڵەت بە شێوازێکی نوێ پرسی کورد ببینن.
٤- لەسەر ئاستی میللیش گیانی تەبایی و یەکتر قبولکردنی نەتەوەکانی ئێران بەهێزتر دەکات.
٥- پەیامێکی گرنگیش بوو بۆ ئەو دەوڵەتانەی کە کوردیان تیادا دەژێ کە ئەوە سیاسەتی سەرۆککۆماری ئێرانە.
ئەو بە هەر مەبەستێک و لەسەر هەر ئاستێکدا قسەی کردبێ کێشە نییە، گرنگ ئەوەیە کاریگەریەکی باشی دەبێ. وای دەبینم کە پێویستە ئەو بابەتە وەکو خۆی وەربگیرێ، نەک بە کاردانەوە و ڕەت کردنەوە.
ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی