زایەڵە - دوای کۆبوونەوەی هاوبەشی رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی ٣١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ نێوان وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و حەوت کۆمپانیای مۆبایل و ئینتەرنێت، بەمەبەستی خێراکردنی رێوشوێنەکانی کۆنترۆڵکردنی فرۆشتنی سیمکارت لە دەرەوەی رێوشوێنی یاسایی تۆمارکردن، لێژنە تایبەتمەندەکان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان راسپێردران کە رێکاری یاسایی بەرامبەر هەر فرۆشگایەک بگرنە بەر کە سیمکارت دەفرۆشن بێ پرۆسەی تۆمارکردنی یاسایی.
لەمبارەیەوە سزای ژمارەیەک فرۆشگا درا و داخران و بەدواداچوونی رۆژانەش بەردەوامە.
ئاگاداری هاووڵاتیان و فرۆشگا و بریکاری کۆمپانیاکانی مۆبایل و ئینتەرنێت دەکەین کە فرۆشتنی سیمکارت لە بازاڕ بێ تۆمارکردن، دەرگاکردنەوە و دەرفەت دروستکردنە بۆ تاوانکاران تا بەو سیمکارتانە تاوان ئەنجام بدەن و هەوڵ بدەن خۆیان لە یاسا بشارنەوە. ئەمەش بەشداریکردنە لە تاوان و وەزارەتی ناوخۆ رێکاری یاسایی دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی هاووڵاتیان.
بۆیە ئاگادارتان دەکەین کە رێوشوێنی یاسایی توند لەبەرامبەر هەر کەس و فرۆشگا و بریکارێک دەگیرێتە بەر کە سیمکارت لە بازاڕ بفرۆشێ و تۆماریان نەکات بە ناوی کڕیار.
بە گوێرەی بڕگەی دووەم لە ماددەی شەش لە رێنمایی وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (٨) ی ساڵی (٢٠٢١) ی هەموارکراو، سەرپێچیکار بەرامبەر هەر سیمکارتێکی دەست بەسەرداگیراو بڕی (٣.٠٠٠.٠٠٠ سێ ملیۆن دینار) سزا دەدرێت.
بریکارانی سەرەکی و لاوەکی فرۆشتنی سیمکارت پێویستە بە زووترین کات خۆی لە وەزارەتی ناوخۆ/ بەرێوەبەرایەتی گشتی دیوان/ بەرێوەبەرایەتی کۆمپانیا ئەمنییەکان و مۆڵەتپێدان تۆمار بکەن لە رێی پڕکردنەوەی ئەم فۆرمە ئەلیکترۆنییەی خوارەوە.
تا پرۆسەی تۆمارکردن تەواو دەبێت، پێویستە بریکارەکان سیمکارت بە گوێرەی سیستمی تۆمارکردن بفرۆشن، بە پێچەوانەوە فرۆشگاکانیان دادەخرێت، بە گوێرەی رێنمایی ئاماژەبۆکراوی سەرەوە پێبژاردنی دارایی دەدرێن ، هەروەها کۆمپانیاکان مۆڵەتی بریکاردارێتیان لێ وەردەگرنەوە.
بریکارەکان لەم فۆرمە خۆتان تۆمار بکەن:
https://forms.gle/bM2iT331uHVMUyye9
راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
کامەران کەریم