زایەڵە - وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان وادەی جێبەجێكردنی پڕۆژەی رووناكی و كارەبای 24 كاتژمێری لە تەواوی هەرێمی كوردستان راگەیاند.

ئومێد ئەحمەد گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا رایگەیاند: بەگوێرەی پلانەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەی رووناكی و كارەبای 24 كاتژمێری لە ماوەی دوو ساڵدا دەگاتە تەواوی هەرێمی كوردستان.

راشیگەیاند: پڕۆژەی كارەبای 24 كاتژمێری چەندان سوود بە حكوومەت و هاووڵاتییان دەگەیەنێت، بەشێوەیەكی گشتی خواست لەسەر کارەبا كۆنترۆڵ دەكات و بارگرانیش لەسەر هاووڵاتییان و حكوومەت کەم دەکات، ئەمە جگە لەوەی كە پرۆژەیەكی ژینگەپارێزە.

ئومێد ئەحمەد گوتیشی: توانای ئێستای وەزارەتی كارەبا بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا بریتییە لە 3200 تا 3500 میگاوات، بەڵام رێژەی خواست لەلای هاووڵاتییان لەو رێژەیە زیاترە كە لەنێوان 4000 بۆ 4500 میگاواتدایە.

گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا نەشی شاردەوە كە ئێستا لە هەرێمی كوردستان 14 بۆ 16 كاتژمێر كارەبا دەدرێت بە هاووڵاتییان.

کامەران کەریم