زایەڵە - نەرمین مەعرووف، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق:ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە دانیشتنی ژمارەی 45ـی خۆی، دەنگی دا لەسەر ماددەی 12 لە یاسای بودجە لە بڕگەی دووەم خاڵی (ج) تایبەت بە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە شێوەیەکی سەرەتایی 16 دۆلاری دیاری کردووە بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلە نەوتێک لە هەرێمی کوردستان، لە دوای هەمواری یاسای بودجە لە ماوەی 60 ڕۆژدا کۆمپانیایەکی پسپۆر هەڵدەستێت بە خەمڵاندنی تێچووی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها بە پێی ڕاپۆرتی کۆمپانیاکە تێچووی کۆتایی بەرهەمهێنانی نەوت دیاری دەکرێت.
سەرباری ئەوەی هەمواری یاساکە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دەنگی لەسەر دراوە، بەڵام پێویستە بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانی عێراق و لەوێدا دەنگی لەسەر بدرێت و خوێندنەوەی بۆ بکرێت ئینجا پەسەند بکرێت.
وەرزی یاسادانانی پەرلەمانی عێراق درێژ کراوەتەوە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت پێش کۆتایی هاتنی وەرزی یاسادانان هەموارەکە پەسەند بکرێت.
کامەران کەریم