زایەڵە - بەڕێوەبەری گشتی پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" لەم هەفتەیەدا خولی دووەمی پێشانگای نێودەوڵەتی گەشتیاری بە بەشداری دەیان کۆمپانیای گەشتیاری لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق دەکرێتەوە". 

حەسەن ڕەحیم بەڕێوەبەری گشتی پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی، ئەمڕۆ دووشەممە ١١ی تشرینی دووەم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی زایەڵە ئامادە بوو، ڕایگەیاند" رۆژی پێنجشەممە دووەمین پێشانگای نێودەوڵەتی گەشتوگوزار بە بەشداری دەیان کۆمپانیای گەشتیاری لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق لە سلێمانی دەکرێتەوە". 

ئاماژەی بەوەشکرد، چالاکییەکانی پێشانگاکە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، بە ئامانجی بەهێزکردنی کەرتی گەشتیاری و ئاڵوگۆڕی ئەزموون لە نێوان کۆمپانیا ناوخۆی و نێودەوڵەتییەکاندا. 

حەسەن ڕەحیم دووپاتیشیکردەوە، پێشانگاکەی ئەمساڵ کۆمەڵێک بۆنەی هەمەچەشن لە خۆدەگرێت کە بە مەبەستی دابینکردنی پێداویستییەکانی سەردانکەر و پیشەگەرانی گەشتیاری داڕێژراون، لەوانە کۆنفرانس و فێستیڤاڵ کە تیشک دەخاتە سەر دەرفەتە گەشتیارییەکانی هەرێم.

ڕوونیکردەوە، پێشانگاکە ڕۆژانە لە (١١)ی پێشنیوەڕۆ تا (٦)ی ئێوارە، لە گۆڕەپانی پێشانگای نێودەوڵەتی تاسڵوجە کراوە دەبێت بۆ سەردانکەران.