زایەڵە - مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین پێشوازیی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و چەند پرسێکیان تاوتوێ کرد، لەنێویاندا پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
 
لە کۆبوونەوەی بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ بەپێی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، تاوتوێی بارودۆخی سیاسیی عێراق و دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتەكانی ناوچەكە كراوە.
 
هەروەها هەردوولا جەختیان لەوە کردووەتەوە كە لە پەیوەندی و هەماهەنگییەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵدا "هەنگاوی ئیجابی و باش نراون."
 
هەر لەو دیدارەدا، سوودانی پیرۆزبایی سەركەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی لە سەرۆك بارزانی كردووە و "هیوای ئەوەی خواست كە بەزووترین كات لایەنەكان بگەنە ڕێككەوتن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان،" ئەمەش وەکو لە راگەیێندراوەکەی بارەگای بارزانیدا هاتووە.