زایەڵە- کاوە عەلی جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە لەوتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە ڕایگەیاند، 10 ساڵە هەڵەبجە بڕیاری بەپارێزگابوونی لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ئەو کاتی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ دراوە، کەچی بۆ سەرژمێری مامەڵەی قەزا لەگەڵ پارێزگاکەدا دەکرێت.
وتیشی،ئەمە کارێکی ناڕاستە و بەو مانایە دێت کە حکومەتی فیدراڵ دان بە پارێزگای هەڵەبجەدا نانێت.
ڕونیشیکردەوە،وەزارەتی پلاندانان و دەستەی ئامار "کەمتەرخەمن" و "نەدەبوایە رازی بن، چونکە هەڵەبجە چەند ساڵێکە وەکو پارێزگا هەژمار دەکرێت، کۆدی خۆراکیی تایبەت بە خۆی هەیە، تابلۆی ئۆتۆمبێلی خۆی هەیە و چەندین شتی دیکەی هەیە.
ئەوەشی خستەڕوو، نووسراومان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی پلاندانان کردووە، کە پێویستە هەڵەبجە وەکو پارێزگا یاخود هیچ نەبێت وەکو بازنەیەکی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، چونکە هێشتا کات ماوە.
هێمای بەوەشکرد، بڕیارە 20 و 21 ی ئەم مانگە سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت.
کامەران کەریم