زایەڵە - ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئاماژە بەوەکات بەگوێرەی نوسراوێک کە لەئیدارەی پێشووی کەرکوک کراوە ڕێگەی داوە بە گواستنەوەی نفوسی سەدان کەسی بۆسەر ئیدارەی کەرکوک لەکاتێکدا بەبڕیارێک گواستنەوەی نفوس ڕاگیراوە
ئەحمەد کەرکوکی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەفراکسیۆنی یەکێتی لە پەڕەی تایبەتی حۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ئەوەی بڵاوکردووەتەوە، بەپێی نووسراوێکی بەڕێوبەری گشتی بەڕێوبەرایەتی باری کەسی لە بەغدا کە لە بەرواری ۲٠۲٠/۹/١٥ ڕەوانەی کەرکوک کراوە فەرمانێکی وەزیری ناوخۆی تێدایە کە لە بەرواری ۲٠۱۹/۸/۱ بەژمارە ۲۱۱٤٥ تێیدا هاتووە کە گواستنەوەی نفووس (لە) و (بۆ) کەرکوک ڕاگیراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەڵام ئیدارەی پێشوو لیستێکی وەکوو (استثناء) (بەدەرکردن) کە بریتین لە ۱٦۷ ناو نفووسیان بۆ کەرکوک گوازراوەتەوە، هەرچەندە دڵنیام لە نووسراوەکە بەڵام ئەم کەیسە لای من جارێ یەکلا نەبوەتەوە و لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، بیرم بۆ شتێکی دیکەش دەڕوات ئەویش ئەوەیە لێرەوە ئەم لیستە ڕەوانەی بەغدا کرابێ و ئەوانیش بەم جۆرە وەڵامیان دابێتەوەو ئەو بەدەرکردنە نەکرابێت.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەرچۆن بێت من وەکوو ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەم کەیسە بێدەنگ نابم تا ڕاستی و درووستی ئەم بابەتەم بۆ ڕوون دەبێتەوە چونکە ئەمە تەعریبێکی ئاشکرایە.
کامەران کەریم