زایەڵە - گروپی شاخەوانی هەورێ، بە بەشداری حەوت شاخەوان ڕۆژی 15ی تشرینی یەکەمی 2024، گەشتێکی ناوازەی ئەنجامدا.
سەرەتا کاتژمێر چواری بەیانی لە هەولێرەوە بەرەو ڕواندوز کەوتنەڕێ و دوای ئەنجامدانی نوێژی بەیانی ڕواندوز بەرەو دۆڵی ئاکۆیان کەوتینەڕێ و لە گوندە جوانەکەی فەقیان ئۆتۆمبێلەکانمان پارک کردو تاریک و ڕوونی بەیانی بەرەو بێرمەکامی فەقیان کەوتینەڕێ. 
بەدەم گوێگرن لە ئاوازی کەوەکانی ئەو ناوچەیەو هەوای ساردو پاکی ئەو قەد پاڵە بە ماوەیەکی کەم گەیشتینە سەر بێرمەکان.
لەوێوە بۆ لوتکەی بەڕنک بەڕێکەوتین کە ١٩٦٧ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. پاش گەیشتن بە لوتکەو چرکاندنی وێنەی یادگاری دووبارە بەرەو بێرمەکانی فەقیان کەوتینەوەڕێ و لە بێرمەکانەوە ئەمجارە بەرەو لوتکەی سەری جوانەگا کەوتینەڕێ.
سەختی و بەردەڵانی ڕێگەکە شاخەوانەکانی دوانەخست لە گەیشتن بەو لوتکەیەش و لەوێوە بەدەم سەیرکردنی لوتکەکانی ئەو زنجیرە چیایە کە لە کۆڕەکەوە دەست پێ دەکات و دەگات بە چیای ئاراسن و کوڕکوباڕ و بەسەر دۆڵی سایەوە دەڕوانن و نزیک دەبنەوە لە  ماکۆک و کێوەرەشی ڕانیە.
لە لوتکەی سەری جوانەگاوە لوتکەکانی (کۆرەک، ئارموشە، دارە هیشک، کێلکێل، زێڕینە، قوپکی کۆرەک، بەڕنک، قوپی مەڕەکیوییا، پێبۆ، ڕەشان، گۆڕێ ڕەشانێ، گرتکمێلک، ئاوێ لانکۆرێ، قەبرۆکە، گەمگەم، دۆرێ سەرتاتی، بێڕێش، بنبەرد، کەویێ خدرپەڕینی، ئاراسن، کوڕکەوباڕ) زۆر بە جوانی دیارن.
ئەمە جگە لەوەی کە لەسەر ئەو لوتکەیە دانیشتین لە پشتمانەوە هەندرێن و کارۆخ هەبوون و لە بەری باکوری ڕۆژهەڵاتیشەوە چیاکانی زۆزک و حەسەن و دورتر لەوانیش زنجیرە چیای حەسارۆست و بەرزترین لوتکەی عێراق کە هەڵگوردە بەڕوونی دیار بوون. ئەمە جگە لەوەی لەبەرامبەرمان زنجیرە چیاکانی سەر زێوەو ئیرۆن و سەرباری خەتێ هەبوون و لە دوای ئەوانیش زنجیرە چیای هەورێ و بەنی هەریر دیار بوون و لەوانیش دوتر سەفینی سەرکەش بوو.
دڵڕفێنی ڕوانین بەسەر گوندەکانی دۆڵی مەلەکان و دۆڵی ئاکۆیانیش سەرباری جوانییەکانی بینینی ئەو هەموو لوتکەو زنجیرە چیایە بوو کە بەهۆی گونجانی کەش و هەواوە زۆر بە جوانی دیار بوون.
گروپی شاخەوانی هەورێ
15ی تشرینی یەکەمی 2024